دارایی واده‌ی ناردنی موچه‌ی دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كات

یەک شەممە, 07 کانونی دووەم 2018 09:48

 

په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌ به‌غدا له‌و مانگه‌وه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی بنێرێت.

مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی و ئابووری په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: "به‌پێی به‌دواداچونه‌كانمان و ئه‌و زانیاریانه‌ی پێمان دراوه‌ پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌و مانگه‌ به‌غدا مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات".


ناوبراو وتیشی: ئێستا لیستی مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت دراوه‌ته‌ به‌غدا و ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتیكدایه‌ رۆژی 4ی 1ی 2018، به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌ك لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم پێشكه‌ش به‌ به‌رپرسانی به‌غدا كرا.

لای خۆشیه‌وه‌ ڤیان حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی ھه‌رێم، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی ئه‌و شانده‌یه‌، كه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كرد، ڕایگه‌یاندوه‌، "لیسته‌كانمان به‌و په‌ڕی ورده‌كاری و زانیاری داون به‌ به‌غدا پاش لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وانیش سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، نیازپاكی له‌ لایه‌ن لێژنه‌كه‌ی به‌غدا هه‌بووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی هه‌وڵی جددی ئه‌وان ده‌كه‌ن.