حكومه‌تی عێراق بیانوو به‌ لیستی مووچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم ده‌گرێت

دوو شەممە, 08 کانونی دووەم 2018 11:20

 

بەرپرسانی لێژنەی حکومەتی عێراق بۆ وردبینیکردن لە مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بیانووی بوونی زمانی کوردی لە لیستی وەزارەتی تەندروستی لیستەکەیان ڕەتکردۆتەوە.

د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی و ئەندامی شاندی وەزارەتەکە بۆ بەغدا، ڕایگەیاند: لیستەکەمان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام لە بایۆمەترییەکەدا ناونیشان ھەیە بە کوردی نووسراوە، بۆیە دوێنێ لە لایەن بەغداوە ھەواڵمان بۆ نێردرا کە ھەندێک ناونیشان بە کوردی ھەیە و پێویستە چاک بکرێت، چونکە ئەوان کوردی نازانن، بۆ نموونە ناوی پەرستارمان کردووە بە مومەریز، پزیشکمان کردووە بە تەبیب.

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی وتیشی: شەوی ڕابردوو فەرمانبەرەکانیان بەسەر ژوورەکاندا دابەش کردووە و کەس بۆ ماڵی خۆی نەگەڕاوەتەوە، تاوەکوو بە زووترین کات کارەکە تەواو بکرێ، ئێستا تەنیا چەند ناوێک ماونەتەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەرلەنوێ لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکەینەوە.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌‌ بیانوو نییه بۆ كوشتنی كات، ڤیان حوسێن به‌ میدیایه‌كی نزیك له‌ پارتی ده‌ڵێت: پێشبینی ناکەم وابیت، چونكه‌ دوێنێ یەکشەممە 7ی كانونی دووه‌می2018 کاتێک لە بەغداوە پەیوەندییان پێوە کردین، وتیان: پێویسته‌ زۆر بە خێرایی لیستەکە دەستکاری بکرێت و بۆ بەغدا ڕەوانە بکرێتەوە و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە، ئەمەش وەک بەشێک لە جددییەتی بەغدا بۆ وردبینیکردن لە لیستەکەی خستەڕوو.

 

ش.م