ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی قورس لەناو خاکی هەرێم لە ئارادایە

سێ شەممە, 09 کانونی دووەم 2018 06:19

سوپای توركیا لەگەڵ چڕكردنەوەی بۆردومانە ئاسمانییەكانی بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، جموجۆڵە سەربازییەكانیشی لەناو خاكی هەرێم زیاد دەكات، بەرپرسێكی یەكێتیش هۆشداری لەهەڵگیرسانی شەڕێكی قورس دەدات.

فەرەج ڕێكانی، بەرپرسی كۆمیتەی شیلادزێی یەكێتی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "تاوەكو پاشنیوەڕۆی دوێنێ 8ی كانونی دووەمی 2018، بۆردومانی چڕی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ناوچە سنورییەكانی هەرێم بەتایبەت ناوچەكانی (ڕێكانیان) بەردەوام بوو، لەناوچەكانی كانی ماسی كە سەربازگەی گەورەی ئەو وڵاتەی تێدایە بۆردومانیان كردوە، بەگشتی زۆربەی زۆری ناوچە سنورییەكانی هەرێمیان كردۆتە ئامانج".

سەبارەت بەلەشكركێشی هێزەكانی سوپای توركیاو لەگەڵ بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكان، فەرەج ڕێكانی ئاشكرایكرد: توركیا چەند (قەرەقۆل)ێكیان لەناوچەی چەلێ داناوەو بەردەوام جموجۆڵیان هەیەو هێزەكانیشیان زیادكردووە، بەوەش مەترسی ڕوبەڕوبونەوەیان هەیە لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە، بەتایبەت لەو ناوچە سنوریانە كە وەك ناوچەی قەدەغەكراوی لێهاتووە.

سەبارەت بەزیانی بۆردومانەكانیش، ئەو بەرپرسەی یەكێتی بێ ئاگایی خۆی دەربڕی و وتی: "بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەكانەوە زیانەكان نەزانراوەو نازانرێت چەند كەس شەهید و بریندار بوون".