قایمقامیەتی دووز بە وەكالەت داندرا

هەینی, 12 کانونی دووەم 2018 07:54

 

 

پۆستی قایمقامی دوزخورماتوو بەكاتی پڕدەكرێتەوە، دوای رۆژێك لە دوورخستنەوەی (شەلال عەبدول) هەرچەندە ناوبراو گۆڕانكارییەكە بە نایاسایی ناودەبات، بەوپێیەی ئاگادار نەبووە‌و لە پشووی فەرمیدا بووە.

(لەیس حەمید) بەرێوەبەری ناحیەی عەلەم بە وەكالەت كرایە قایمقامی دوزخورماتوو، تا ئەوكاتەی كاندیدی پۆستەكە بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی قەزاكەوە هەڵدەبژێردرێت، كە لەئێستادا بەهۆی ناكۆكی كوتلەكانەوە كێشەی تێكەوتووە.

(شەلال عەبدول) قایمقامی دورخراوەی قەزاكە كە لە دوای روداوەكانی (10/16) ەوە دوزخورماتووی جێهیشتووەو لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە بۆ كەركوك ناو وتی، بەرێوەبەری ناحیەی عەلەم بە وەكالەت كراوەتە قایمقام تا كێشەكان یەكلاییدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو، چوارشەممەی رابردوو بە دەنگی (12) ئەندام لە كۆی 21 ئەندامی ئەنجوومەنەكە بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی (شەلال عەبدول) لە پۆستی قایمقام.

(شەلال عەبدول) دەڵێت، ئەم دانیشتنە نایاساییە، چونكە بەبێ‌ ئاگاداری خۆم لە پۆستەكەم دورخراومەتەوە لەكاتێكدا من لەپشووی فەرمی خۆمدا بووم، شێوازی دەنگدانەكە یاسایی نییە، توركمان بە زۆر فشاریان خستۆتە سەر ئەندامە عەرەبەكان بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن ‌و هیچكام لە ئەندامە كوردەكانیش بەشدار نەبوون.

عەبدول پێشی وابوو، ئەمە سڕینەوەی كوردە لەو ناوچەیە‌و دژایەتیكردنی كوردە، دەیانەوێت كوردی ئاوارە نەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچەیە بۆیە هەمو پۆستەكانیان لەكورد سەندەوە.

بەپێی رێككەوتنێك لە نێوان لێپرسراوانی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەڵاحەددین لە مانگی (11) ی ساڵی رابردوو، پۆستی قایمقامی دوزخورماتوو دەدرێتە توركمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزاكە بەر پێكهاتەی عەرەب دەكەوێت، كوردیش پۆستێكی سیادی پێدەدرێت.

(مەلا حەسەن) ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو رایگەیاند، ئەوە یەكەم دانیشتن نەبوو بۆ لابردنی قایمقام لە پۆستەكەی، هەفتەی ڕابردووش دانیشتنیان كردوە‌و سەركەوتونەبوون، بەڵام دوێنێ‌ توانییان نیساب تەواو بكەن بە ئامادەبوونی ئەندامانی توركمان ‌و عەرەب، لە كاتێكدا ئێمە ئاگاداری ئەو كۆبوونەوەیە نەبووین.

بڕیاربوو لە مانگی (12) ی (2017) دا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی قەزای دوزخورماتوو ئەنجامبدرێت بۆ دانانی (حەسەن زەینلعابدین) كاندیدی پێكهاتەی توركمان بۆ پۆستی قایمقام، بەڵام ئەندامە كوردەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو كێشە كەوتە پرۆسەكەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانیش لە دوای روداوەكانی (10/16) ەوە لە كەركوك ‌و ناوچەكانی جێناكۆكی هەردوو پارێزگای نەینەوا، دیالە‌و قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە (20) پۆستی ئیداریی ‌و ئەمنی گۆڕانكارییان تێدا كراوە یان بە وەكالەت پڕكراونەتەوە.

 

ئـ . كـ