به‌غدا چه‌ند زانیاریی گرنگ له‌باره‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

هەینی, 12 کانونی دووەم 2018 15:51

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ڕونكردنه‌وه‌ی‌ پێویست سه‌باره‌ت ڕه‌وانه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و وردبینیكردن له‌لیستی‌ موچه‌ی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "له‌عیراق به‌چ سیستم و پێوه‌رێك موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت، به‌هه‌مان ئه‌و میكانیزمه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ین".

حه‌دیسی‌: موچه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ین
سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق، ڕاگه‌یاند، "له‌دوای وردبینیكردن و ناردنی موچه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كانی هه‌رێم، ئێستا پرۆسه‌ی وردبینیكردن له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌و دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه‌ش موچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ش ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت".
موچه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و په‌روه‌رده‌ چۆن دابه‌شده‌كرێت
سه‌باره‌ت به‌میكانزمی ناردنی موچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌، وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق وتی:"میكانیزمی دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیی به‌كاروباره‌ ته‌كنیكیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌و زانیاریم له‌باره‌یه‌وه‌ نییه‌".
عیراق به‌سیستمی‌ خۆی‌ موچه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات
له‌باره‌ی‌ جیاوازی ده‌رماڵه‌ له‌نێوان مامۆستایانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم و عیراق كه‌ ئایا حكومه‌تی عیراق ئه‌و ده‌رماڵانه‌ ده‌بڕێت كه‌ ته‌نها له‌هه‌رێم هه‌یه‌، حه‌دیسی وتی‌:"به‌گوێره‌ی‌ یاسا خزمه‌ت و پله‌و خشته‌ی وه‌زیفی مه‌ده‌نی له‌عیراق دیاریكراوه‌و موچه‌و ده‌رماڵه‌كان به‌یاسا له‌هه‌موو عیراق ڕێكخراوه‌".
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و سیستمه‌ له‌ته‌واوی عیراق به‌هه‌رێمیشه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت و حكومه‌تی عیراق به‌و سیستمه‌ی كه‌ له‌عیراق هه‌یه‌ موچه‌ ده‌نێرێت.
حه‌دیسی‌: ده‌مانه‌وێت دادپه‌روه‌ری‌ له‌هه‌رێم بچه‌سپێنین
وته‌بێژه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌، عیراق له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كانی وردبینیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت دادپه‌روه‌ری له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا بچه‌سپێنێت و لیسته‌كه‌ پاكژبكاته‌وه‌.
وه‌كو ئه‌و وتی‌:"وه‌ك چۆن چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كانی عیراقدا جێبه‌جێكراو ده‌یان هه‌زار ناوی وه‌همی و كه‌سانێك ئاشكراكران كه‌ زیاتر له‌موچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن".
ئه‌وه‌شی‌ وت:"پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و وردبینیكردن له‌لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ دیاریده‌كات و ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ كێ فه‌رمانبه‌ری شایسته‌یه‌و كێ وه‌همی و نایاساییه‌، "بۆیه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ساڵه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كێ له‌ساڵی چه‌ند دامه‌زراوه‌".
جیاوازی‌ بڕین بۆ خانه‌نیشنان چۆن ده‌بێت؟
سه‌عد حه‌دیسی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌جیاوازی لێبڕینی خانه‌نشینی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد كه‌ له‌هه‌رێم (7%)و له‌عیراقیش له‌(10%)یه‌، ئه‌و وتی‌:"حكومه‌تی عیراق به‌گوێره‌ی ئه‌م پره‌نسیپه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ ده‌كات كه‌ پرسێكی فیدراڵیه‌و ده‌بێت له‌ته‌واوی عیراق و بۆ ته‌واوی موچه‌خۆران جێبه‌جێبكرێت به‌بێ جیاوازی واته‌ سیستمه‌كه‌ی‌ عیراق جێبه‌جێده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شی‌ وت:"ناكرێت بۆ به‌شێك ده‌رماڵه‌ و لێبڕینه‌كان جێبه‌جێبكرێت و بۆ به‌شێك نه‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌و لێبڕینه‌ له‌عیراق چه‌ند بوو بۆ هه‌رێمیش به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌بێت و ناكرێت هه‌رێم و پارێزگاكان خشته‌ی موچه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت.
له‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بۆ حه‌شد ده‌بڕدرێت
له‌باره‌ی لێبڕینی ڕێژه‌ی (3,8%) له‌كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق بۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئاواره‌كان ئایا ئه‌و لێبڕینه‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌، وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی‌ عیراق وتی:"له‌بودجه‌ی ساڵی 2017 ئه‌و لێبڕینی ڕێژه‌یه‌ جێبه‌جێكراو هه‌رێمیش به‌و لێبڕینه‌ پابه‌ندكرا بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی لێ دابینبكات، بۆیه‌ لێبڕینه‌كه‌ له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش جێبه‌جێده‌كرێت".