موچه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر فه‌رمانبه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیادده‌كرێت

هەینی, 12 کانونی دووەم 2018 15:58

 

 

تائێستا یه‌كخستنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ شارستانی‌ له‌گه‌ڵ عیراق و هاوتاكردنه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ی‌ سه‌ربازیدا كاری‌ پێنه‌كراوه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ئاشكرایده‌كات، عیراق و هه‌رێم له‌هه‌وڵدان بۆ هاوتاكردنی‌ موچه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عیراقدا، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو،"حكومه‌ت له‌به‌رنامه‌یدایه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌و ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ دابڕێژێت".

عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند، "حكومه‌تی‌ هه‌رێم یاسای‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی‌ یاساكانی‌ خۆیشی‌ موچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شده‌كات".


ناوبراو وتیشی‌:"حكومه‌تی‌ عیراقیش به‌هه‌مانشێوه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ردولا له‌هه‌وڵی‌ یه‌كخستنی‌ موچه‌دان".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عیراق و هه‌رێم یه‌كنه‌خرێت، "ئه‌وا هه‌وڵده‌درێت له‌یه‌ك نزیك بكرێنه‌وه‌، حكومه‌تیش له‌به‌رنامه‌یدایه‌ یاسایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابڕێژێت و یه‌كخستنی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ شارستانی‌ و سه‌ربازی‌ هه‌رێمیش ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌وه‌".


عه‌بدولقادر محه‌مه‌د له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێده‌چێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم پشت به‌حكومه‌تی‌ عیراق ببه‌ستێت بۆ پێدانی‌ موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران و ئه‌و فشاره‌ش كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ خراوه‌ته‌سه‌ر هه‌رێم له‌شێوازی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ هه‌رێم، پێده‌چێت هه‌ر بۆ ئه‌وه‌بێت دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ڕێكبخاته‌وه‌و نزیك بێت له‌سیستمی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ عیراقه‌وه‌.