"به‌غدا مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، بەدەستکارییەوە دەنێرێت"

دوو شەممە, 15 کانونی دووەم 2018 11:53

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە حکوومەتی عێراقی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، بەدەستکارییەوە دەنێرێت، کە نزیکە لە پاشکەوت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان ئاشكرای كردووه‌: "ئەگەر بەغدا مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوا بە جۆرێک دەینێرێت کە نزیکە لە پاشەکەوت".

ئەو سەرچاوەیە وتویه‌تیشی: بەغدا گۆڕانکاری زۆر لە مووچەکە دەکات، بۆ نموونە دان بە ھەندێک خزمەت و سەرمووچە و پلە بەرزکردنەوە نانێت، بەڵکو دەگەڕێتەوە سەر یەکەمین بڕوانامە کە فەرمانبەر پێی دامەزراوە و گۆڕانکارییەکانی سەر بڕوانامە قبوڵ ناکات. ئاشکراشی کرد، کە بەگشتی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران کەم دەکاتەوە، بۆ نموونە مووچەخۆر ھەیە، مووچەی بنەڕەتی ملیۆنێک دینارە و بۆی دەبێتەوە ٥٠٠ ھەزار یان ٦٠٠ ھەزار دینار، ھەروەھا کاتێک بانکی ناوەندی کوردستان گواسترایەوە سەر بەغدا، بووە بەشێک لە بانکی ناوەندی دەستکاری مووچەکانیان کراو و مووچەکانیان زۆر کەم کرایەوە.

سەرچاوەکەی دارایی بۆ رۆژنامه‌یه‌كی نزیك له‌پارتی (باس) ئاشکراشی کردووه‌: مووچەی وەزارەتی تەندروستی بە گشتی بە بێ پاشەکەوت زیاتر لە ٥٠ ملیار دینارە، بەغدا رەنگە بیکاتە ٣٠ ملیار دینار، بەھەمان شێوە مووچەی وەزارەتی پەروەردەش کە سەرووی ١٣٠ ملیار دینارە کەمی دەکاتەوە ، وتیشی: "بە گشتی بۆ مووچەی ھەردوو وەزارەت بەبێ پاشەکەوت، پێویستی بە ٢٠١ ملیار دینارە و کۆی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتیش ٢٢١ ھەزار فەرمانبەرە".

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراقیش وتویه‌تی: بەپێی بەدواداچوونەکانیان و ئەو زانیارییانەی پێیان دراوە، پێشبینی دەکەن ئەو مانگە بەغدا مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات .

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: ئێستا لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەت دراوەتە بەغدا و ئەوان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن، بەڵام دووپاتی کردەوە نازانن شێوازی ناردنی مووچەکە چۆنە. بەغدا بە پێی پلەی وەزیفی خۆی مووچە دابەش دەکات، بۆ نموونە فەرمانبەرێکی پلە ٧ بە پێی پلەی وەزیفی بەغدا مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێت، ھەندێک دەرماڵە کە لە سەردەمی پارە زۆری لە کوردستان دراوە بەغدا نایدات .

ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق ده‌شڵێت: دەرماڵەی ١٥٠ ھەزاری مامۆستایان، ھاندانی کارمەندان و پزیشکان لە لایەن بەغدا نادرێت، بۆیە مووچەی زۆرێک لە فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەت کەم دەبێتەوە".

م-ع-كانی