فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر: گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه‌

دوو شەممە, 15 کانونی دووەم 2018 12:54

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، به‌منزیكانه‌ فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه‌‌.


له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌‌ له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر نوسیوێتی، دوای كۆبوونه‌وه‌ و له‌یه‌ك گه‌یشتن و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، ده‌ست ده‌كرێته‌وه‌ به‌ گشته‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان و چالاكییه‌كان له‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.


ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، رۆژی 13ی ئه‌م مانگه،‌ شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌ باره‌ی خاڵه‌ سنوری و فڕۆكه‌خانه‌ و به‌نداوه‌كان و پرسی ره‌گه‌زنامه‌ و پاسه‌پۆرت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق كۆبوونه‌وه‌.


به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی كانونی دووه‌می 2018، شاندێكی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌هدی عه‌لاق ئه‌مینداری‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق، گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ‌ شاندنی هه‌رێم كه‌ پێكهاتبوو له‌ وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری كشتوكاڵ و ئاودێری و سامانه‌ سروشتیه‌كان كۆبوونه‌وه‌.‌

 

 

ش.م