وردەكاری گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای موچەی فەرمانبەران

سێ شەممە, 16 کانونی دووەم 2018 06:42

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر سێ ئاست كار لەسەر پرۆژەی چاكسازی لەموچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەكات و جێگری سەرۆكی لیژنەكەش وردەكاری گۆڕانكارییەكان ئاشكرادەكات، ڕاشیدەگەیەنێت:" هەندێك خاڵی پرۆژەكە پێویستی بەیاسا نییەو جێبەجێكردنی ڕاستەوخۆی لەدەسەڵاتی حكومەتدایە".

عەلی حەمەساڵح، جیگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەت و دەزگا پەیوەندییدارەكانی پەیوەست بەپرۆژە چاكسازییەكەی حكومەت لەبارەی موچەو خانەنشینی، گفتوگۆو بەدواداچوون دەكەین، لیژنەی دارایی كۆدەبێتەوەتا تاوتوێی كۆی بۆچوون و زانیارییەكان بكات.

سەبارەت بەدەستكاری و گۆڕانكارییەكەی پرۆژەیاساكەش، عەلی حەمەساڵح زانیاری وردی خستەڕوو، وتیشی:" هەندێك بابەت هەیە پەیوەندی بەیاسا نییە، بەڵكو پێویستی بەبڕیاری حكومەت و گۆڕانكاریی ڕێنماییەكان هەیە بۆئەوەی راستەوخۆ بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئاشكراشیكرد: بەشێكی تری پرۆژەیاساكە پێویستی بەهەمواركردنی یاسا هەیە، بۆ نمونە پێویستە یاسای خانەنشینی هەموار بكرێتەوە بۆ پلە تایبەتەكان، بەشێكی تریشی پەیوەستە بە دەستكاریكردنی ڕێنماییەكان، كە كۆمەڵێك ڕێنمایی هەیە پەیوەستن بەدەرماڵەی فەرمانبەران و موچەخۆران و پێویستیان بەگۆڕانكاری هەیە، بەشێكی تریشی كە بەبڕیاری نایاسایی كراون، بۆنمونە كەسانێك بەپلەی وەزیر خانەنشین كراون و وەزیر نەبوون پێویستی بەوە هەیە حكومەت خۆی بەبڕیارێكی بڕیارە نایاساییەكانی هەڵبوەشێنێتەوە.


 


SNN