چەند زانیارییەك لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە

سێ شەممە, 16 کانونی دووەم 2018 06:56

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات، بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران چاوەڕوانی ٢٠ بۆ ٢٥ی مانگ دەکەن.


مەولوود سابیر عەلی، بەڕێوەبەری بانک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە(باس)ی راگەیاند، بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران چاوەڕوانی ھەفتەی داھاتوو دەکەن، گوتی: ”ئەگەر بەغدا لە ٢٠ بۆ ٢٥ی مانگ پارەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بنێرێت، ئەوە وەزارەتی دارایی دەتوانێت بەئاسانی مووچەی وەزارەتەکانی تر دابەش بکات.


ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر بەغدا مووچەی ئەو دوو وەزارەتە بنێرێت یان نەینێرێت، ئەوە لەدوای ٢٠ی ١ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، گوتیشی: ”ئێمە تا ٢٠ بۆ ٢٥ی مانگ چاوەڕوان دەکەین بزانین ئەو قسانەی بەغدا دەیکات دەیباتە سەر یاخود نا، ئەگەر بیدات ئەوە مووچە دابەشەکردن ئاسانتر دەبێت، ئەگەر پارەش نەنێرێت ئەوە مووچە دابەشکردن ناوەستێت، بەڵکوو بەردەوام دەبێت“.


ئەو کە بەڕێوەبەری بانکی زانکۆیە لە وەزارەتی دارایی، جەخت دەکاتەوە، ئەگەر بەغدا مووچەی تەندروستی و پەروەردە نەنێرێت، ئەوە ئەوانیش وەکوو وەزارەتەکانی تر بەپێی سیستەمی پاشەکەوت مووچەکانیان دابەش دەکرێت، گوتیشی: ”وەزارەتی دارایی ھیچ کات مووچەی فەرمانبەران دوا ناخات، بەڵکوو ھەر داھاتێکی ھەبێت ئەوە بە پلەی یەکەم بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانی دەکات“.


روونیشی کردەوە، بۆ ئەوەی مووچە بەپاشەکەوت دابەش بکرێت، مانگانە پێویستیان بە ٤٥٠ ملیار دینارە.


لە رۆژی ١٨ی ١٢ تاو ٢٨ی ١٢ مووچەی مانگی ٩ی فەرمانبەران دابەش کرا و لەو کاتەوە ھیچ لیستێکی مووچە رانەگەیاندراوە و مانگی رابردووش مووچەی خانەنشینان دابەش نەکراوە.


لە وەڵامی پرسیارێکی بەربڵاوی خەڵکی کە ئاخۆ تا ئەو کاتەی بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا دەکات و پەسەندیان دەکات و مووچە دەنێرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەبێت، یاخود دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات، سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا کە لەم ژمارەیەی (باس) بڵاو بووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە دابینکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بەپێی ئەو داھاتەی لەبەردەستیەتی“.


ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، داھاتی ھەرێمی کوردستان ٥٠ تا ٥٥٪ کەمی کردووە، کە بەشی سەرجەم مووچەخۆران ناکات، بەڵام ئەو داھاتەی کە دێتە دەست لە فرۆشی نەوتە لەگەڵ داھاتەکانی ناوخۆ، بێ گومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی ئەوەدایە تا ئەو کاتەی لەگەڵ بەغدا دەگاتە ئەنجامێک، بەپێی ئەو داھاتانەی کە لەبەردەستیەتی، ھەروەھا بەپێی ئەو چاکسازییانەی کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە، کە تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر مووچەی مووچەخۆران دەبێت، مووچە دابەش بکات“.


تا ئێستا بە فەرمی یەکلایی نەبووەتەوە مووچەی مانگەکانی (١٠ و ١١ و١٢)ی ٢٠١٧ پاشەکەوت دەکرێت یاخود نا، بۆیە دیار نییە مووچەی ئەو مانگە یان مووچەی مانگی ١ ی ٢٠١٨ دەبێت یان مووچەی مانگی ١٠ی ٢٠١٧.