ڕێباز حەملان بڕی پاشەكەوتی موچەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگەی ئاشكراكرد

پێنج شەممە, 18 کانونی دووەم 2018 10:35

 

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەر كاتێك حكومەتی عێراق موچەی موچەخۆرانی هەرێمی نارد پاشەكەوتی موچە كۆتای پێ دێت و سیستمی پاشەكەوتی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە بڕی 25هەزار دینار دەبێت بۆ هەر مانگێك.



ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەپرسی بەردەوامی سیستمی پاشەكەوتی موچە، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:" هەركات لەگەڵ بەغداد ڕێكەوتین وە بودجەی هەرێم لەبەغدادەوە هات ئیتر پاساوێك نامێنێت لەبەردەم پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران،پاشەكەوت بەهۆی ئەوەوەیە كەداهاتی پێویست لەبەردەست نەبوو."



هەروەها ووتیشی:" شتی وا نەهاتۆتە ڕێگەمان، بڵێین ناتوانین بەتەواوی موچە بدەین، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشیە ئەوەیە كە ئێمە لەگەڵ بەغداد هیچ لاریمان نیە،وە هەموو لیستەكانمان ئامادە كردووە وە پێمان وتون ئامادەین هەموو لیستەكانتان بۆ ئامادەبكەین، ئێمە دەرگامان كراوەیە كە وردبینی لەهەموو لیستەكان بكەن."

 

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو:"وەك حكومەتی هەرێم ئەولەویەتمان بۆ موچەیە، ئەو داهاتی ناوخۆیەی لەبەردەستی حكومەتدایە بۆ موچەی فەرمانبەران خەرجی بكەین."

 

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچە، ئاماژەی بەوەكرد:" موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسایە، بۆیە هەركات داهاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە هەموو پاشەكەوتی موچەكانیان وەربگرنەوە."

 

لەبارەی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشەوە وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند: یەكەمجار ویسترا بڕی ١٠٠ هەزار لەموچەی پێشمەرگە پاشكەوت بكرێت، بەڵام دواتر كەمكرایەوە بۆ تەنها ٢٥ هەزار دینار و لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ مووچەیە.

 

 

 

 

س ب