عەبادی مەرجی ناردنی موچەی فەرمانبەران بە نێچیرڤان بارزانی رادەگەیەنێت

یەک شەممە, 21 کانونی دووەم 2018 07:08

 

سەرچاوەیەك لە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات، حەیدەر عەبادی لە دیداریدا لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان داوایكردوە پابەندبن بە 10 مەرجەوە.

عەبدولهادی مەهودەر لە نوسینگەی راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە رێی پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك نوسیویەتی "10 مەرجەكەی سەرۆك وەزیران پەیوەندی بە پابەندبونی تەواوەتی بە یەكێتی و سەروەریی عیراقەوە هەیە لەسەرتاسەری وڵاتەكەدا و هەرێمیش بەشێكە لە عیراق. هەروەها مەرجی بنیاتنانەوە و كاراكردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتە فیدرالییەكان لە هەرێمدا لەنێویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان، لە پاڵ بەردەوامبونی كاری لیژنە پسپۆڕەكان تایبەت بە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی فیدرالیدا".

لە مەرجەكانی دیكەش، تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنەكانی گەڕانەوەی تەواوەتی دەسەڵات و هێزە فیدرالییەكان، سنوری نێودەوڵەتیش دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی فیدرالیدا بێت بەوپێیەی دەسەڵاتی تایبەتی خۆیەتی. هەروەك دەبێت پابەندبون هەبێت بەرامبەر سنوری هەرێم لە ساڵی 2003دا، كە لە دەستوردا هاتوە و نابێت تێپەڕێنرێت.

هەروەها لە مەرجەكانی دیكەش، پەیوەندی بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهاتوی ناو هەرێمی كوردستانەوە هەیە بە دەسەڵاتی فیدرالی، هەناردەكردنیشی تەنها لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدرالیدا دەبێت و لە رێی كۆمپانیای سۆمۆوە جێبەجێ دەكرێت.

پەیوەندیدار بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە شاندەكەی هەرێمی كوردستانی وتوە، دەبێت لیژنە تایبەتمەندەكان بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارەكانیان تەواو بكەن تا گەیشتنی بەدەستی فەرمانبەری راستەقینە زامن بكرێت، هەروەك دەبێت هەژماری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی فیدرالیدا بێت لە بەغدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دیدارەكەی حەیدەر عەبادی و شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جەخت لەسەر دەسەڵاتی فیدرالی كراوەتەوە لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییە نێودەوڵەتییەكان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.