سه‌باره‌ت به‌ پاشەكەوتی مووچەی فه‌رمانبه‌ران روونكردنه‌وه‌ ده‌درێ

سێ شەممە, 23 کانونی دووەم 2018 11:20

 

مەولوود سابیر بەڕێوەبەری بانک لەوەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم رایگه‌یاند: بانکەکانی حکوومەت بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و پاشەکەوتی مووچەش دەخرێتە نێو حیساب بانکیی فەرمانبەران و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانیش، یان دەکرێتە ڤیزەکارت، یان پیمکارت.

بەڕێوەبەری بانک لەوەزارەتی دارایی وتیشی: ئێستا بانکی ئێمە لە قۆناغی ئەوەدایە، ھەموو کارەکانی بە ئەلیکترۆنی بکرێت و مامەڵەکان بە ئەلیکترۆنی بەڕێ بکرێن، کە ئەو کارەمان تەواو بوو، ئەو پاشەکەوتەی فەرمانبەر ھەیەتی دەچێتە سەر حیساب بانکییەکەی و دەتوانێت لە مۆڵ و مارکێتەکان بەم رەسیدە شت بکڕێت.

بەرپرسەكه‌ی وەزارەتی دارایی جه‌خت له‌وه‌كرده‌وه‌، کردنەوەی حیساب بانکی بۆ فەرمانبەران بۆ ئەوەی پاشەکەوتەکان بخرێتە سەر ئەو حیسابە، لە کارە لە پێشەکانی حکوومەتە، چونکە كه‌ پاشەکەوت کە دەخرێتە سەر حیساب بانکی فەرمانبەران کێشەی حکوومەت و خەڵکیش چارەسەر دەکات و کێشەی نەبوونی پارەی کاشیش چارەسەر دەبێت، ئەوەش لە زۆربەی وڵاتان ھەیە.

مەولوود سابیر بۆ باسنیوز ده‌ڵێت: بەسیستەمکردنی مووچەی فەرمانبەران و خستنە سەر پاشەکەوتی مووچە بۆ سەر ئەژماری تایبەت بەم ڕێگایە، ھەموو پارە پاشەکەوتکراوەکان دەبێتە نەختینە، کە دەتوانرێت بەم سیستەمە گشت پێداویستییەکانی ڕۆژانەی فەرمانبەران جێبەجێ بکرێت، بەبێ بەکارھێنانی نەختینە.

ناوبراو پێم وایه‌، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی پێویستە حکوومەت ھەندێک کار ئەنجام بدات، لەوانە: پاڵپشتیکردنی کەرتی بەنکی، بە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ گشت ھاووڵاتییان، بەتایبەتی بازرگانەکان بۆ دانانی پارەکانیان لە بەنک، بە شێوەیەک میکانیزمێکی تایبەت پەیڕەو بکرێت بۆ پاراستنی پارەکەیان و بەکارھێنانی لە پڕۆژە وەبەرھێنەرەکان و ناچارکردنی سەرمایەداران بۆ جووڵە پێکردنی پارەکانیان، ئەویش بە ھاندانیان و ئاسانکردنی کارەکان لە کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی.

مەولوود سابیر وتی: بە گەڕاندنەوەی قەرزی حکوومەت، کە خۆی دەبینێت لە قەرزی خانوبەرە، کشتوکاڵی، پیشەسازی، ھاوسەرگیری، قەرزی بچووک، بەشێک لە کێشەکانی حکوومەت چارەسەر دەبێت و پارە بۆ بانکەکان دەگەڕێتەوە، دەبێ حکوومەتیش ئەو کەلوپەلەکانەی لە کۆگاکان دایکردوون، بیانفرۆشێت، بۆ ئەوەی بڕێک پارەی دەست بکەوێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئاشكرایكرد، دەبێ راپۆرتێک لەلایەن وەزارەتی پلاندانان ئامادە بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری فەرمانبەران و ڕێکخستنەوەیان و دابەشکردنیان بەسەر ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم، بە شێوەیەک ھیچ زیادەیەک لە فەرمانگەکان نەمێنێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی بێکاری کەم بکەینەوە.

به‌ڕێوه‌به‌ری بانك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێت: بۆ ئەوەی کێشەی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بێت، مانگانە پێویستی بە یەک ترلیۆن دینارە، بانکەکان بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستیان بە ٨٥٠ ملیار دینارە، مانگانەش ١٥٠ ملیار دینارێکی دیكه‌ پێویستە بۆ پڕۆژەکان، بۆیە ئەگەر یەک تریلیۆن بێتە کوردستان، ھیچ کێشەیەکی دارایی نامێنێت.

روونیکردەوە، ئێستا بەھۆی پاشەکەوتی مووچە وە، ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگانە پێویستی بە ٤٥٠ ملیار دینارە، لەو قۆناغەدا ئەگەر مانگانە بە مووچەی فەرمانبەران و پارەی پڕۆژەکان ٥٠٠ ملیار دینار بکەوێتە بازاڕەوە، بەشێکی باشی کێشەکانی چارەسەر دەبن، ئەگەر جگە لە مووچە ١٠٠ ملیار دیناری تر بخرێتە بازاڕ کێشەی پارە نامێنێت.


مەولوود سابیر دەشڵێت: لەبەر ئەوەی پێشووتر ھەرێم پارەی لە بەغدا بۆ ھاتووە و بانکی ناوەندیی خۆی نەبووە، بۆیە کێشەی یەدەگی پارەی ھەبووە، ئەو پارەیەی ھاتووە ھەمووی بۆ مووچە و پڕۆژەکان خەرج کراوە، له‌ ئێستاشدا بانکەکانی ھەرێمی کوردستان کێشەی نەبوونی پارەیان ھەیە.

 

 

ش.م