ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی هۆشداری دەداتە حكومەت لەبەرزكردنەوەی نرخی كارەبا

دوو شەممە, 05 شوبات 2018 12:09

كورديو -سلێمانی
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبا لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕێت، بەتایبەتی بۆ كارگە پیشەسازییەكان، چونكە ئەم هەنگاوە توانای كێبڕكێی كارگەكانی كوردستان لەبەردەم بەرهەمە هاوشێوەكانی دەرەوە لاواز دەكات‌و سەرەنجام گەشەی كەرتی تایبەت‌و كەرتی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستاندا پەكدەخات.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی كە نوێنەرایەتی كەرتی تایبەت‌ و داكۆكی لەبەرژەوەندییەكانیان دەكات، لەڕێگەی راگەیەندراوێكەوە كەوی،ەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ناڕەزایی‌و نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەم هەنگاوەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دوبارە دەكاتەوە.
لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە"ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بوین حكومەتی هەرێم لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بوژاندنەوەو بەهێز كردنی كەرتی تایبەتدا چاو لەحكومەتی ناوەندی عێراق بكات كە نرخی یەكەی كارەبای لە 40% بۆ كارگە پیشەسازییەكان كەم كردوەتەوە، وەزارەتی كارەبای حكومەتی عێراق نرخی یەك كیلۆوات كارەبای لەسەر كارگە پیشەسازییەكان لە 100 دینارەوە كەمكردوەتەوە بۆ 60 دینار، بەڵام لەبەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دو ساڵی رابردودا نرخی كارەبای بەڕێژەی 500% لەسەر كارگە پیشەسازییەكان بەرزكردوەتەوە، كە نرخی كارەبای بۆ یەك كیلۆوات لە 20 دینارەوە بەرزكردوەتەوە بۆ 120 دینار."

هەرلە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی جەغت لەوە دەكات كە بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبا لەم دۆخەدا هەنگاوێكی بێ پلان‌و بەرنامەرێژنەكراوەو سەرەنجام ئەركی سەرشانی كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستاندا گران ‌و قورستر دەكات ‌و دەبێتە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەكان، لەكاتێكدا پێویستە حكومەتی هەرێم پشتیوانیان لێبكات ‌و بیانپارێزێت نەك ئەوەی بەم هەنگاوانەی بەرەو مایەپوچ بون ئاڕاستەیان بكات، بەتایبەتی كە لەم دۆخە دارایی‌و ئابورییە نەخوازراوەی تێیكەوتوین، كەرتی تایبەت مایەی رەخساندنی هەلی كارە بۆ هەزاران كارمەندو كرێكارو بوژاندنەوەی بازاڕ."


ئاماژەی بەوەشداوە"لەدیدی ئێمەوە كەرتی تایبەت شادەماری سیستەمی ئابوری بازاڕ‌و ساڕێژی نەخۆشییە ئابورییەكانی هەر وڵاتێكە، كەرتی پیشەسازیش وزەی گەشەپێدانی ئابوریی وڵاتانی ئەمڕۆی جیهانە، بەڵام لەكوردستان وەك تێبینی دەكرێ كەمترین بایەخ‌و بەها بەم كەرتە دەدرێت‌و هیچ ستراتیژییەت‌و پلانێكی ناوەندخایەن‌و درێژخایەن بۆ گەشەی ئەم كەرتانە بەدیناكرێت. "

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە"ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی كارەبا دەكات لەپێناو پێشخستنی كەرتی تایبەت‌و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بەهێزكردنی توانای كەرتی پیشەسازییدا لەروی نرخ‌و كوالێتییەوە بەرامبەر بەكێبڕكێی بەرهەمی دەرەكی، چاو بەبڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبادا بخشێننەوە‌. چونكە بڕوای تەواومان بەوەیە چارەسەری كێشە ئابورییەكانی كوردستان بەر لەهەر شتێك لەكارئاسانی كردن بۆ كەرتی تایبەت‌و لەبەهێزكردنی ژێرخانی ئابوریدایە، پێویستە حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی زانستی هەوڵبدات ستراتیژیەتێكی گونجاو بۆ گەشەپێدانی كەرتی تایبەت‌و بەپیشەسازیكردنی كوردستان دەستپێبكات، نەك ئەوەی ئاستەنگ بۆ پێشخستن‌و گەشەكردنیان دروست بكات."


ا.س