بارهەڵگرێكی ئەمریكی چەكی بۆ عەفرین دەبرد، دەستی بەسەردا گیرا

سێ شەممە, 06 شوبات 2018 07:53

 

 

رۆژنامەیەكی توركی رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری گوازێنەرەوەی چەكی قورسی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) بۆ هێزەكانی یەپەگە لە عەفرین ڕاگیراوە.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (یەنی شەفەق) ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری گوێزەرەوەی چەك و جبەخانەی قورسی ئەمریكی بۆ هێزەكانی یەپەگە دەبرد لە عەفرین راگیراوە.

(نوورەددین زەنگی) یەكێك لە بەرهەڵستكارانی سوری لەوبارەیەوە بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە: پاش ڕاگرتن و پشكنینی ئەو ئۆتۆمبێلە كە باسی لە هەڵگرتنی سووتەمەنی دەكرد، دەركەوت كە وەجبەیەكی زۆری چەك و جبەخانەی ئەمریكی پێیەو بۆ هێزەكانی یەپەگە لە عەفرینی دەبات.

ئەو بەرهەڵستكارە سورییە ڕوونیشی كردۆتەوە، كە چەكەكان بریتی بوونە لە مووشەك هاوێژ، چەكی بچووك و پێشكەوتوو لە گەڵ فیشەك، چەكی ئۆتۆماتیك، سیستەم و چەكی دژە تانك و دژە فرۆكە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە توركیا تا ئێستا چەندین جار ناڕەزایەتی خۆی بۆ ناردنی چەكی ئەمریكی بۆ هێزە كوردییەكانی دژی خۆی لە باكوری سوریا بە گوێی بەرپرسانی ئەمریكی گەیاندووە.

 

 

ئـ . كـ