شه‌ڕێكی‌ قورس ده‌ستی‌ پێكرد..پێشمه‌رگه‌ له‌ئاماده‌باشیدایه‌

چوار شەممە, 07 شوبات 2018 07:38

له‌سنوری‌ قه‌ره‌ته‌په‌و خورماتوو هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌ستپێكردو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ئاماده‌باشیدان، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش له‌سنوری‌ خورماتوو زانیاری‌ زیاتر ئاشكراده‌كات و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، له‌ئێستادا شه‌ڕێكی‌ قورس ده‌ستی‌ پێكردوه‌و ده‌شڵێت:"له‌سنوری‌ زنانه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ئاماده‌باشیدایه‌و هه‌م بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ داعش ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ڕوو له‌ناحیه‌كه‌ بكه‌ن و هه‌میش بۆ ڕێگری‌ له‌سوپا به‌ناوی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌".

مه‌لا كه‌ریم شكور به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتیی ڕاگه‌یاند، "ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌خورماتوو به‌ره‌و نه‌وجول، له‌سه‌ر شه‌قامی كفریه‌و به‌ره‌و گونده‌كانی (غه‌ڕِه‌و په‌لكانه‌)، له‌سنوری (قه‌نخانلو) به‌ره‌و (زه‌مبور) بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستان كه‌ پێشتر خۆیان به‌ئاڵا سپییه‌كان ناساندبوو ده‌ستیپێكردوه‌".

به‌وته‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی، شه‌ڕ ڕویداوه‌، "هێزی پێشمه‌رگه‌ش هه‌ماهه‌نگی كردوه‌ بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌و له‌گونده‌كانی باشته‌په‌و دوراجی و قه‌ڵا له‌سنوری ناحیه‌ی زنانه‌ جێگیركراون و له‌ئاماده‌باشی ته‌واودان".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "ئاماده‌باشی‌ پێشمه‌رگه‌ش بۆئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سوپای عیراق بشكێت داعش به‌ره‌و ناوچه‌ كوردییه‌كان نه‌چێت و هێزه‌ عیراقییه‌كانیش به‌ره‌و سنوره‌كانی ئێمه‌ پێشڕه‌وی نه‌كه‌ن".

مه‌لا كه‌ریم بۆ تۆری سلیمانی دڵنیایی له‌باره‌ی پاراستنی ناوچه‌ كوردییه‌كانداو وتی:"به‌هه‌موو جۆرێك ناوچه‌ كوردییه‌كان ده‌پارێزین و ڕێگه‌ ناده‌ین هیچ تیرۆریستێك دزه‌ بكاته‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانه‌وه‌".