روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

سێ شەممە, 13 شوبات 2018 13:38

 

چه‌ند رۆژێكه‌ چه‌ند رۆژنامه‌وانێك به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زانیاری درووست و به‌بێ پیشه‌ییانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌وه‌ی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گوایه‌ ده‌وام ده‌كه‌ن، درووستی بابه‌ته‌كه‌ش له‌لایه‌ن وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنه‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو .

ئومێد محمد سالح - وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو: روونکردنەوەیەک لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: ماوەی چەند رۆژێکە هەندێک میدیا و پەیج بێ ئاگایانە لە ڕێوشوێنی یاسایی و وەزیفی ، دەستیان کردووە بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی کارەکانی مەولود موراد محی الدین وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: لێرەوە ڕایدەگەیەنین وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت ، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووەو چاوەڕێی وەڵامی نامەکەیەتی و تا ئەو ماوە یاساییەی وەڵامی دەدرێتەوە ، بەشێوەی پچڕ پچڕ دەوامی وەزارەت دەکات بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان و ئیمزاکردنی نووسراووەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی بە تایبەتی کاروباری هاووڵاتیان.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ده‌شڵێت:  دوای تێپەڕبوونی ماوەی یەک مانگ بەسەر پێشکەش کردنی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی گەر وەڵام نەدرایەوە ، ئەوا بەشێوەیەکی خۆکردی لە ڕووی یاساییەوە بە دەست لەکارکێشاوە هەژمار دەکرێت و پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە نامێنێت .

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت: بەهیواین ڕۆژنامەوانان  لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک پشت بە زانیاری دروست ببەستن و پیشەییانە کاربکەن بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری راست و متمانەپێکراو بە هاووڵاتیان.

م-ع-كانی