كورد ناوچەیەكی نەوتی گرنگی له‌ده‌ستدا

شەممە, 17 شوبات 2018 09:25

 

به‌بیانوی په‌لاماردانی ئه‌و هێزه‌ ناسنامه‌ نادیاره‌ی له‌ پشتی كفری-خورماتو جێگیركران، سوپای عیراق كێڵگه‌ی نه‌وتی (په‌ڵكانه‌)ی كۆنترۆڵ كرد و ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سالار مه‌حمود په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی رونیكردۆته‌وه‌، بلۆكی نه‌وتی په‌ڵكانه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاری خورماتو و ناحیه‌ی جه‌باره‌ و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و به‌پێی راپۆرتی "سكۆتیا كاپیتاڵ" بڕی 1.58 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات "ئه‌و كێڵگه‌یه‌ پشكی 60% دراوه‌ته‌ كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆم و 20% پشكی پیت ئۆیڵی توركییه‌ و 20% پشكی كیپكۆیه‌ واتا حكومه‌تی هه‌رێم".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌شڵێت "ئه‌و هێزه‌ ناسنامه‌ نادیاره‌ی له‌ میدیادا به‌ "ئاڵا سپیه‌كه‌" ناسراوه‌، له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی ده‌ڤه‌ره‌كه‌و پیلانی نیشته‌جێكردن و دواتر ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی داویانه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و حكومه‌تی شكستخواردووی كوردستان، به‌ڵام وه‌ك پرسه‌كانی تر به‌ ئه‌ركی یاسایی و سیاسی و ئیداری هه‌ڵنه‌سان، بۆیه‌ له‌ئه‌نجامی نابه‌رپرسیارێتی و كه‌مته‌رخه‌می و بێباكی ئه‌و كێڵگه‌ گرنگه‌ش له‌ده‌ستدرا".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ داوای لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غازی هه‌رێم. هه‌رچه‌نده‌ پێشوه‌خت ده‌زانن ئه‌و حكومه‌ته‌ پابه‌ندی یاساكانی په‌رله‌مان و داخوازی په‌رله‌مانتارانیش نابێت.