شاندێكی ئەمریكا بۆ فڕۆكەخانەكان و مووچە لەهەولێرن

هەینی, 23 شوبات 2018 16:14

 

 

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆو كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت، پێشوازی لە (رۆبێرت كارم) یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكاو وەفدێكی سەربازی و دیبلۆماسی كرد.

لە دیدارێكدا دانوستانی نێوان هەولێرو بەغدا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولاو پاڵپشتی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی جددی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بەتایبەتی دەربارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خرانە بەرباس و گفتوگۆ.

وەفدی ئەمریكی خۆشحاڵی خۆیان بەو گفتوگۆیانەی نێوان هەولێرو بەغدا دەربڕی و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەردەوامی گفتوگۆكان نیشاندا.

دووپاتیشان كردەوە، كە لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەڕووی سەربازی و لە رێكخستنەوەو مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگەو تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییە دۆستایەتییەكانی نێوان هەولێرو واشنتۆن، بەردەوام دەبن، بەپێویستیشیان زانی هەرێمی كوردستان رۆڵی خۆی لە ئێستاو داهاتووی عێراقدا هەبێت و كێشە ناوخۆییەكانیشی چارەسەر بكات.

 

ئـ . كـ