ووتەبێژی یەكێتی: سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك دوژمن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان

شەممە, 24 شوبات 2018 07:48

 

ووتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك دوژمن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان و خۆی وەك قارەمان نیشانداو ئەوەش بوەهۆی ئەوەی هاوپەیمانەكانی لێی جودابووەنەوە و مەرجەعیەتیش لێی هاتەدەنگ.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە ووتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هەڵوێستی حەیدەر عەبادی بەئاژانسی ئەنادۆڵی ڕایگەیاند:" عێراق بە جۆرێك لە لووتبەرزیی مامەڵە دەكات، بەم جۆرە مامەڵە ناكات كە بەیەكەوە لەبەرەیەك بووین و براوەی شەڕین، لەماوەی رابردووەوە، رۆژ نییە مەراسیمێك نەكرێت و گوایە سەرۆك وەزیران قارەمانی سەركەوتنە، تا گەیشتە ئەوەی كە هاوپەیمانەكانی لێی جودابووەنەوە و مەرجەعیەتیش لێی هاتەدەنگ، چونكە ئەو سەركەوتنە بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراقە و من پێم وایە كارێكمان كردووە كە لە رۆژانی پێش و دوایی ریفراندۆم، فۆڕمولەكە گۆڕا، چونكە ئێمە پێشتریش وتبوومان كە ئەمە جیابوونەوە نییە بەڵكو لەسەر ئەو بنەمایە عێراق و هەرێم بكەونە گفتوگۆ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان، بەڵام دواتر غرورێك ئێمەی گرت، ئێمە هەڵەمان كردووە، بەڵام هەڵەی سیاسیی بووە نەك هەڵەی یاسایی".

 

هەروەها ووتشی :" ئێمە ویستمان هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بكەوێتە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق، هۆكارەكەش ئەوەبوو كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عبادی و حكوومەتی فیدراڵ زۆر نەرێنی بوو، وەكو دەوڵەتێكی دوژمن و دۆڕاو لە شەڕدا سەیری ئێمەیان دەكرد، لەهەمانكاتدا وەڵامیشیان نەبوو بۆ داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە وتمان بەشداری ناكەین و دەڵێین بەشداریكردنمان لە عەمەلییەی سیاسیی لە عێراق هەڵپەساردووە، بەڵام هەوڵی نێودەوڵەتی و گفتوگۆی جددی دەستیپێكرد، بۆیە ئێستا هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و تا مانگی یازدە كاتمان هەیە".

 

هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە لەسەر هۆكار و دەرەنجامەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لە هەندێك ناوچەدا، ڕایگەیاند:" ئەوانە داعشی راستەقینە نین، پێموایە لایەنە ناكۆكەكان، لەو شوێنانەی كە حەشدی شەعبی تەنگاو دەكەن، ئەو شتانە روودەدەن، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی لەو شوێنانە بمێننەوە و پاساو بۆ مانەوەیان هەبێت، بە گشتی ئەم بارودۆخە لە قازانجی كورد نییە".

 

 

 

 

 

س ب