سەرۆکی لیژنەی وردبینی داوای پێدانی موچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات

شەممە, 24 شوبات 2018 12:36

 

سەرۆکی لیژنەی وردبینی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرایكردووه‌، كه راپۆرتی داوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و داوای خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی لێكردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن سه‌رۆك وزیرانه‌وه‌ وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌. ‌

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: قاسم عینایە، سەرۆکی لیژنەی وردبینی مووچەخۆرانی هەرێم، وتوویه‌تی: ڕاپۆرتەکەم نووسیوەو خستوومەتە بەردەست عەبادی و لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا بۆم نووسیووە، کە دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات، بەڵام تا ئێستا حەیدەر عەبادی، وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەی نەداوەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی ته‌وابوونی وربینیكردنی لیستی موچه‌، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت: وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لە سلێمانی لەسەدا ٦٠ و لەهەولێر لەسەدا ٧٥ و دهۆکیش لەسەدا ٦٠ تەواو بووە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید بۆ خه‌ندان وتیشی: لەئەنجامی لیژنەی وردبینییەکەدا، گەندەڵیان دەست کەوتووەو بەچەندین شێوە، هەیە پلەی بەرزکراوەتەوە بە ناحەق، هەیە دەوامی نەکردووە، هەیە بڕوانامەی نییەو شوێنی بەرزکراوەتەوە لە مافی غەیری خۆی.

جێگه‌ی باسه‌، نزیكه‌ی دوو مانگه‌، پرۆسه‌ی وردبینی له‌ لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه: دوای پرۆسه‌ی وردبینی مووچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات.

 

 

ش.م