جەبار یاوەر: ئه‌مریكا موچه‌ی 14 لیوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كات

شەممە, 24 شوبات 2018 13:14

 

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، رەتیكردەوە هیچ وڵاتێك هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە وەستاندبێت ‌و ده‌ڵێت: ئومێدێك هەیە لە سبەی یەكشەممەوە دەست بە دابەشكردنی ئەو هاوكارییەی ئەمریكا بكرێت.


جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو 365 ملیۆن دۆلاره‌ی كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك هاوكارییەك لە 2018 بۆ پێشمەرگەی دیاریكردووە، هیچ كاتێك بەسەریەكەوە نایەتە هەرێمی كوردستان.


سه‌باره‌ت به‌ بڕی پاره‌كه‌ش، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە وتی: مانگانە پارەكە بە دینار دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ‌و بڕەكەشی 26ملیار دینارە مانگانە.


یاوەر بۆ رووداو ده‌ڵێت: ئومێدێك هەیە لە سبەی یەكشەممەوە دەست بە دابەشكردنی ئەو هاوكارییەی ئەمریكا بكرێت، ئەوەش بۆ مووچەی 14لیواكەی وەزارەتی پێشمەرگە‌ و بنكەكانی مەشق‌ و راهێنان دەبێت كە نزیكەی 36هەزار پێشمەرگەن.


شایه‌نی باسه‌، لە ساڵی 2017 ئەمریكا بەبڕی 415ملیۆن دۆلار هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كرد.

 

 

ش.م