دوایین زانیاری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم

شەممە, 24 شوبات 2018 16:23

واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 11ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نادیاره‌و په‌رله‌مانتارێكی پارتیش، زانیاری له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "حكومه‌ت هیچ كاتێك چاوه‌ڕوانی سه‌ری مانگ ناكات و هه‌ركاتێك بڕه‌ پاره‌یه‌كی ده‌ستكه‌وێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كات".

مه‌دینه‌ ئه‌یوب، په‌رله‌مانتاری پارتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكات كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌نگاو ده‌نێین، هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی له‌به‌رده‌ستدابێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕه‌تیشیكرده‌وه‌، دابه‌شكردنی موچه‌ په‌یوه‌ست بكرێت به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌و وتی: "دۆخی ئابوری هه‌رێم خراپه‌و دابه‌شكردنی موچه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونی پاره‌ له‌خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت".
سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 11ی 2017، مه‌دینه‌ ئه‌یوب وتی:" واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌و سه‌رجه‌م پاره‌كانیش له‌لای وه‌زاره‌تی داراییه‌، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش هه‌ر پاره‌یه‌كی بكه‌وێته‌ به‌رده‌ست، خشته‌یه‌كی موچه‌ به‌پێی بڕی پاره‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت چاوه‌ڕوانی سه‌ری مانگ ناكات، به‌ڵكو له‌ ناوه‌ڕاستی مانگیش بێت موچه‌ دابه‌شده‌كات".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هیچ زانیارییه‌ك نییه‌ له‌باره‌ی دروستبوونی گرفت له‌به‌رده‌م هێنانه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت.