مەسعود بارزانی دوا دەرفەت دەداتە بەغدا

یەک شەممە, 25 شوبات 2018 06:17

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دوا دەرفەت دەداتە بەغدا بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەرپرسێكی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: دۆخی ناوچەكە روو لە تەقینەوەیەو بارزانیش تاسەر بێدەنگ نابێت و قسەی جدی دەبێت.

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، بە تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ڕاگەیاندوه‌: ناوچەكە بەرەو تەقینەوە هەنگاو دەنێت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستی داعش-یش هەیەو خەریكە وردە وردە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە بەگشتی چاوەڕوان دەكرێت شتی نوێ ڕووبدات.
سەبارەت بەهەوڵی مەسعود بارزانی و ئەو قسانەی دەكرێن گوایە، تا نەورۆز پەیامێك بڵاودەكاتەوە، كاكەمین نەجاڕ وتی:" هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو بابەتە نییەو بارزاینش تا ئێستا باسی هیچ هەڵوێستێك یان بڕیارێكی نەكردووە بۆ نەورۆز".


وتیشی: "جەنابی سەرۆك بواری داوەتە حكومەتی هەرێم و عیراق كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بۆیە جارێ قسەناكات و چاوەڕوانە بزانێ هەرێم و بەغدا دەگەنە كوێ، ئەگەر بەمشێوەیە بەغدا بەردەوامبێت و حساب بۆ هەرێمی كوردستان نەكات، ئەوكات نەك هەر مەسعود بارزانی و پارتی، بەڵكو لەوانەیە حزبەكانی دیكەش بێنە سەرخەت".


ئەو بەرپرسەی پارتی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بەغداو هەرێم نەگەنە ڕێككەوتن، بارزانی قسەیەكی دیكەی دەبێت".