حسابی بانکی بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەکرێتەوە

سێ شەممە, 27 شوبات 2018 18:42

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو مادانەی کە لە یاسای خانەنشینیدا پەسەندکراون، حسابی بانکی بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەکرێتەوەخانەنشینی نایاسایی نامێنێت و کۆتایی بە فرە مووچەیی دێت، و هێزەکانی یەکەی ٧٠ و٨٠ی پێشمەرگە یەک یەکەی حسبییان دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی یاساکە لەمەودوا هیچ خانەنشینێک لە ٣٠٠ هەزار دینار کەمتر موچەی خانەنشینی وەرناگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە یەک یەکەی حسابی دروستدەکرێت، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ یەکخستنەوەی ئەو دوو هێزە.

دەربارەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، حسابی بانکی بۆ ئەو موچانە دەکرێتەوە و ئەگەر ئەمساڵیش فریا نەکەوێت لە ساڵی ٢٠١٩وە فەرمانبەر لەڕێگەی ئەو ژمارە حسابییەوە کە بۆی دەکرێتەوە، دەتوانێت هەموو مامەڵەیەکی باج و ڕسومات بەو مووچە پاشەکەوتکراوانە لە فەرمانگەکانی حکومەتدا ڕایی بکات.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە وەزیری دارایی خەمڵاندوویەتی بەهۆی چاکسازی مووچەی خانەنشینییەوە، حکومەت بڕی ١٥٠ ملیار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆئەوەی حکومەت هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک موچەی فەرمانبەران خەرجبکات.

لە کۆتایی وتەکانیدا جەختیکردەوە، تا درەنگانێکی شەو کۆوبونەوەی پەرلەمان بەردەوام دەبێت، بۆئەوەی پرۆژە یاساکە تەواوبکەن، ئەگەر تەواویش نەکرێت، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا سەرجەم بڕگە و ماددەکانی پەسەند دەکرێت.