له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كدا، وەستا ڕەسوڵ ڕوونکردنەوە ده‌دات

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 10:36

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تۆمارێکی ڤیدیۆیی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر قەڵای دیموکرات بڵاوکرایەوە، له‌ گرته‌كه‌دا وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی سەربازیی یەکێتی ده‌رده‌كه‌وێت، لەمباره‌یه‌شه‌وه‌ ناوبراو ڕوونکردنەوە دەدات.


لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوپای پاسداران لە مانگی تەمووزی 1996 هێرش ده‌كاته‌ سەر قەڵای دیموکرات، کە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ی لێبووه‌، له‌و ڤیدیۆیه‌دا کەسێک دەردەکەوێت کە شێوەی لە وەستا ڕەسوڵ دەچێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وابڵاوکراوەتەوە کە ئەو کەسە، وەستا ڕەسوڵە و لەنێو ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ چاوساخ و هاوکاری سوپای پاسدارانی ئێران بوون بۆ هێرشکردنە سەر قەڵای دیموکرات.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤیدیۆیه‌، وه‌ستا ڕه‌سوڵ، فه‌رمانده‌ی پێشمەرگەی یەکێتی ڕاگه‌یاند: ئه‌و گرته‌ ڤیدۆییە‌ی كه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندییە‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی به ‌منه‌وه‌ نییه و ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌سێكی قه‌ڵه‌وه‌ و له‌ هه‌موو ژیانی خۆمدا، هێنده‌ قه‌ڵه‌و نه‌بووم، بۆیه‌ من ئاگاداری شتێكی له‌و شێوه‌یه‌ نیم.

وەستا ڕەسوڵ بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ پارتی ده‌ڵێت: ئەو کاتە لە نێو هێزە چەکدارییەکاندا نەبووم و تەنها لە مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی کارم کردووە.

لە بەرامبەر ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارێکی بەڵگەیی ڤیۆیۆییان بڵاو کردەوە و بەڵگەنامەکانی ئێرانیان بە درۆ خستەوەو تێیدا کاوە بەهرامی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەندامی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکە بووە، ئاشکرای کردووە، هەڵومەرجی ئەوکاتە دەستی بەستین ئەگینا دەمانتوانی نەیەڵین هێزەکە بگەڕێنەوە، ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەو شوێنەی هێزەکەی ئێران تێیدا جێگیر بوون، پێشمەرگەی یەکێتی پارێزگارییان لێ کردووە و دەڵێ: ئەوان جووڵەیان کرد و پێشمەرگەکانمان ئاگاداریان کردینەوە، یەکێتی پێیان وتین ئەوە هێزی ئێمەیە ئاگاتان لێ بێ لێیان نەدەن.

 

 

ش.م