یه‌كگرتوو: زۆربه‌ی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین نه‌هاتنه‌دی و خراپی دۆخه‌كه‌ش بەهۆی شكستی حیزبە دەسەلاتدارەكانه‌

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 12:43

 

به‌بۆنه‌ی تێێپه‌ڕبونی 27 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی گه‌لی كورد له‌دژی رژێمی به‌عس یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێت: ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی بوو، بەڵام مەخابن زۆربەی ئامانج و هیواو ئاواتەكانی ئەو ڕاپەرینە مەزنە نەك هەر نەهاتوونەتەدی، بەڵكو گەلەكەمان گیرۆدەی چەندین قەیرانی سیاسی و دارایی بووەتەوەو باری بژێوی سەرجەم هاوڵاتیان بە تایبەتی توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دۆخێكی زۆر خراپ و دژوار دایە.

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو: خراپی دۆخی ئێستای هه‌رێم بە هۆی شكستی حیزبە دەسەلاتدارەكان لە دامەزراندنی سیستەمێكی حوكمڕانی تەندروست و تەشەنەكردنی گەندەڵی و ناعەداڵەتی و نەبوونی شەفافیەت و ململانێ ی نادروستی نێوان لایەنە سیاسیەكانەوە.. لەوەش ناهەموارتر لە دەستدانی كەركوك و ناوچەكانی تری ماددەی (140)و لاواز بوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغداو چەندین قەیران و كێشەی ئاڵۆزی تر كە لەم هەل و مەرجەدا ڕووبەڕووی گەلەكەمان بۆتەوە.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

(( بسم الله الرحمن الرحیم ))

بەیاننامەی "یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان"
بە بۆنەی (27)هەمین ساڵیادی راپەڕینەوە

لەم ڕواژنەدا كە (27) ساڵ تێدەپەرێت بە سەر راپەڕینە جەماوەریەكەی خەڵكی كوردستان دژ بە دیكتاتۆریەت و ستەم و تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەكانی رژیمی بەعسی، لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام مەخابن زۆربەی ئامانج و هیواو ئاواتەكانی ئەو ڕاپەرینە مەزنە نەك هەر نەهاتوونەتەدی، بەڵكو گەلەكەمان گیرۆدەی چەندین قەیرانی سیاسی و دارایی بووەتەوەو باری بژێوی سەرجەم هاوڵاتیان بە تایبەتی توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دۆخێكی زۆر خراپ و دژوار دایە.

ئەوەش بە هۆی شكستی حیزبە دەسەلاتدارەكان لە دامەزراندنی سیستەمێكی حوكمڕانی تەندروست و تەشەنەكردنی گەندەڵی و ناعەداڵەتی و نەبوونی شەفافیەت و ململانێ ی نادروستی نێوان لایەنە سیاسیەكانەوە.. لەوەش ناهەموارتر لە دەستدانی كەركوك و ناوچەكانی تری ماددەی (140)و لاواز بوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغداو چەندین قەیران و كێشەی ئاڵۆزی تر كە لەم هەل و مەرجەدا ڕووبەڕووی گەلەكەمان بۆتەوە.


بۆیە لەم وێستەگەیەدا كە یادی سەروەریەكانی ئەو ڕاپەرینە مەزنەو قوربانیە بێ ئەندازەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە، جێگەی خۆیەتی لایەنە سیاسیەكان بە گشتی و لایەنە دەسەڵاتدارەكان بە تایبەتی هەڵوێستەی جیددی بكەن و ئامادەیی تەواو دەرببرن بۆ بەخۆداچوونەوەو رێككەوتن لە سەر نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان و بەرەنگاربوونەوە هەڕەشەو مەترسیەكانی دژ بە گەلەكەمان.

هەر لەم بۆنەیەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە یەك هەڵوێست بین لە بەرامبەر ئەو ستەمە ناڕەوایەی دژ بە پێشێلكردنی بنەمای (توافق) و حساب نەكردن بۆ گەلی كوردستان وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق كرا، ئەویش بە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2018 بە بێ لە بەر چاو گرتنی ماف و داواكاریكەانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانكارییەكی مەترسیدارە لە سیستەمی سیاسی عێراقی دوای روخانی رژێم.

ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەم بۆنەیەدا جوانترین و شایستەترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی جەماوەری گەلەكەمان دەكەین و بەڵێن دووبارە دەكەینەوە كە هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن لە ماف و داخوازیەكانی گەلەكەمان دەبین و خەبات و تێكۆشانی بێ درێخ لەو پێناوەدا دەكەین، بە ئومێدی دەربازبوون لە قەیرانەكان و رێگا خۆشكردن بە گەیشتن بە دامەزراندنی حوكمی رەشیدو دەستەبەركردنی دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاوڵایان.

ئەنجومەنی سیاسی

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

5/3/2018

م-ع-كانی