كاته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بەرەو كۆتایی ده‌ڕوات و مه‌سعود بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 13:35

 

پارتی چاوەڕێی ئەنجامی هەوڵە دیبلۆماسییەكانی نێچیرڤان بارزانین و له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ئه‌و واده‌یه‌ی بۆیان داناوه‌، مەسعود بارزانی، دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی .

له‌كاتی بانگه‌شه‌كانی ریفراندۆم، نێچیرڤان بارزانی خۆی به‌دوور ده‌گرت و ده‌وترێت دژی ریفراندۆم بووه‌ له‌و واده‌یه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌شداری بانگەشەی ئەو پڕۆسەیەی نەكرد .


پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، رۆژی 29\10\2017، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی لەكار كێشایەوە و بەشێك لە دەسەڵاتەكانیشی  درا بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

دوای ئەم رووداوانە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێكرد، بەڵام بەشی هەرێم لە بوودجەی عیراق و رێگەنەدانەوە بە گەشتە جیهانییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئەوەی دەرخست، بارزانی هەوڵە دیبلۆماسییەكانی ئەنجامی نەبووە.

سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بە راچڵەكینی راگەیاندووه‌ "پارتی چاوەڕێی دوا ئەنجامی هەوڵە دیبلۆماسییەكانی نێچیرڤان بارزانییە".

وتیشی"نێچیرڤان بارزانی وادەی بۆ دانراوە، هێندەشی نەماوە وادەكەی كۆتایی پێبێت، ئەگەر هیچ ئەنجامێكیشی بەدەست نەهێنا، ئەوا پلانێكی دیكە و شێوازێكی دیكەمان دەبێت بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی كورد".

پلانی دوومی پاتی بەم نزیكانە، زەنگی دەستپێكردنی لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەوحزبەوە لێدەدرێت، زانیاریش هه‌یه‌ پێش ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەستپێدەكات و وەك سەرەتایەكیش بڕیاری سڕكردنی ریفراندۆم لادەبرێت .

م-ع-كانی