بەغدا بەنیازە راستەوخۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا بکات

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 15:27

 

بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژە سیادییەكان و بودجەی حاكیمە، عیراق بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم، راستەوخۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا دەكات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش وردەکاریی ئەو هەوڵەی بەغدا ئاشکرادەکات.

عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە: ئەو بابەتانەی فیدراڵی بن، حكومەتی عیراق راستەوخۆ هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكات، بەڵام جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی فیدراڵی نین، لە رێگەی حكومەتی هەرێمەوە ئەنجامیان دەدات.

 

لەوبارەیەشەوە زیاتر وتی :" لەبارەی خەرجییەكانی حاكیمە، وەك دەرمان و بەشە خۆراك، حكومەتی عیراق راستەوخۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا دەكات بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵام لە خەرجییەكانی تردا كە پەیوەست نین بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە، بودجەكەی دەدرێتە هەرێم".

 

ئەو پەرلەمانتارە نموونەشی بەوە هێناوەتەوە كە بۆ دروستكردنی بەنداوێك لە هەرێمی كوردستان، بەغدا خۆی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكاندا دەكات و جێبەجێی دەكات، بەڵام پڕۆژەكانی وەك شەقام و رێگەوبان و دروستكردنی باڵەخانەو خوێندنگەو چەندین پڕۆژەی دیکە، پارەكەی دەدرێتە حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ كردنیان.