"عه‌بادی ره‌زامه‌ندیدا به‌شێوه‌ی سولفه‌ موچه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج بكرێت"

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 15:29

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، "بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیانە لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامدەبن"، ئاشكراشی ده‌كات، "پێشنیازم بۆ عەبادی کرد سەرەتا سولفەیەک بنێرن تاوەکو مووچە بدرێت، لەگەڵ ئەو سولفەیەشدا وردبوونەوە بکەن، عەبادیش بەمە رازی بووە".

 

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 4/3/2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر، لەبارەی دابەشکردنی مووچە رایگەیاند: "بەپێی ئەو داهاتەی هەمانە لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامدەبین، بەڵام لەدوای رووداوەکانی کەرکووک داهاتمان بۆ نیوە دابەزیوە، ئەگەر کەمتریش نەبێت".


ناوبراو پرۆسەی وردبینیی حکومەتی عێراقیش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وتی: "پێشنیازم بۆ عەبادی کرد سەرەتا سولفەیەک بنێرن تاوەکو مووچە بدرێت، لەگەڵ ئەو سولفەیەشدا وردبوونەوە بکەن، عەبادیش بەمە رازی بووە".


لەبارەی ئەو بەڵێنەی عەبادی و بەڵێنەکانی دیکەیشی بارزانی جه‌ختیشكرده‌وه‌، "هاووڵاتییانی کوردستان ئومێدێکی زۆریان بە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق هەبوو، ئێمەش هەرچی پێمانکرا کردمان بۆئەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بێبەڵێن دەرچوو".


لە وەڵامی پرسیارێکیشدا ئایا لە بەغدا دەکشێنەوە، یان بژاردەی دووەم چی دەبێت؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لەگەڵ بەغدا بەردەوامدەبین، بەردەوامبوونمان بۆئەوەیە بتوانین بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەستەبەربکەین".


وتیشی: "بەغدا تەنیا هی هیچ لایەنێک نییە، هی هەموومانە، هێ ئێمەشە، دەبێت بەردەوامبین، چ کاتێکیش گەیشتینە بنبەست بە خەڵکی خۆمان دەڵێین".

 

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ئایا بودجەی ساڵی 2018 ی عێراق رەتدەکاتەوە یان قبوڵی دەکات؟ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "هەڵوێستی روونی ئێمە، هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە پەرلەمانی عێراق کە بودجەیان رەتکردەوە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەشە و پاڵپشتی دەکەین".