كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دروستده‌بێت

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 05:58

 

هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌، له‌ به‌ڵێنێكیان بۆ زیادكردنی ترلیۆنێك دینار بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵ، په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و په‌رله‌مانتارێكی كوردیش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێم ته‌رخانكراوه‌، زۆر له‌و بڕه‌ كه‌متره‌ كه‌ بۆ موچه‌ پێویسته‌و له‌كۆتایی ئه‌مساڵیش كێشه‌ بۆ موچه‌خۆران دروستده‌بێت.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌پێی ڕێككه‌وتنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق، بڕیاربوو دوو ترلیۆن دینار بۆ فه‌رمانبه‌رانی عیراق و ترلیۆنێكیش بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وه‌ك بودجه‌ی فریاكه‌وتن (ته‌واری) له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵ دابنرێت، به‌ڵام كه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ چووه‌ ناو په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی، هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی شیعه‌كان له‌و ڕێكه‌وتنه‌ په‌شیمان بونه‌وه‌و پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ هه‌رێم لابرا.
وتیشی: ئه‌گه‌ر یاسای بودجه‌ به‌شێوه‌ی ئێستا بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ گومانمان له‌جێبه‌جێكردنی هه‌یه‌، له‌مانگه‌كانی كۆتایی ئه‌مساڵ، كێشه‌ بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دروستده‌بێت، چونكه‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ پێویستی به‌هه‌شت ترلیۆن دینار هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ، ته‌نها پێنج ترلیۆنی بۆ دیاریكراوه‌".
بۆ چاره‌سكردنی ئه‌و گرفته‌ش، مه‌سعود حه‌یده‌ر وتی: له‌ ئێستادا له‌ لیژنه‌ی دارایی سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین چۆن بتوانین ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی هه‌رێم بگه‌ڕێنینه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌پشكی هه‌رێمیش، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئاشكرایكرد: كۆی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و موچه‌ی پێشمه‌رگه‌، به‌شی 80%ی موچه‌ی هه‌رێم ده‌كات، هیچ پاره‌یه‌كیش نامێنێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگاكان و پرۆژه‌كان، مه‌رجی ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ش، ڕاده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌و داهاته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ خه‌زێنه‌ی گشتی له‌ به‌غدا.