عه‌بادی په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ ده‌كات.. له‌باره‌ی ناردنی موچه‌وه‌

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 08:41

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌یامی ناردنی موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی به‌فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ ده‌دات و په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵیش ورده‌كاریی ناردنی موچه‌ و كێشه‌یه‌كی حكومه‌تی عیراق ئاشكراده‌كات.

زانا رۆستایی په‌رله‌مانتاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بە تۆری سلیمانی راگه‌یاند: رۆژی 4ی 3ی 2018، جه‌بار عه‌بادی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌یامێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی‌ گه‌یانده‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و پێی راگه‌یاند كه‌ پاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ئاماده‌نییه‌ راده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی بكات.

وتیشی:"ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی داوای كرد كه‌ رێگایه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆچۆنێتی ناردن و گه‌یشتنی ئه‌و پاره‌یه‌".

رۆستایی راشیگه‌یاند: هه‌ر دوێنێ سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی میكانزمێك بۆناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ دیاری بكه‌ن، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌وانین.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ره‌تیكرده‌وه‌، داوایان له‌ حكومه‌تی عیراق كردبێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بێت.