به‌غدا پشكی هه‌رێمی له‌ بودجه‌ زیاد كرد

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 16:01

 

له‌لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، زیادكردنی ترلیۆنێك دینار بۆ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم په‌سه‌ندكرا و له‌ئه‌نجومه‌نی وزیرانی هه‌رێمیش هه‌واڵه‌كه‌ پشتڕاستیده‌كرێته‌وه‌ و ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت: له‌ یاسای بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2018 موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ بڕی 334 ملیار دینار زیادكرا بۆ 418 ملیار دینار مانگانه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ڕایگه‌یاند: له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی دارایی، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ زیادكردنی ترلیۆنێك دینار بۆ پشكی هه‌رێم په‌سه‌ندكرا.


وتیشی:" زیادكردنی پشكی هه‌رێم به‌جۆرێك ڕێكخراوه‌ كه‌ بێ گرفت تێپه‌ڕێندرێت، به‌جۆرێك یه‌ده‌گی فریاكه‌وتن له‌دوو ترلیۆنه‌وه‌ كرا به‌سێ ترلیۆن دینار، ترلیۆنێكی بۆ هه‌رێم بێت، به‌وه‌ش به‌تێكڕا پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراق ده‌كاته‌ 8 ترلیۆن و 500 ملیار دینار".


لای خۆشیه‌وه‌ ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، " له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌رخانكراوی مووچه‌ و خانه‌نشینی بۆ مووچه‌ خۆرانی هه‌رێم له‌ یاسای بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2018 له‌ بڕی 334 ملیار دینار زیادكرا بۆ 418 ملیار دینار مانگانه‌، جگه‌ له‌ ته‌رخانكراوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌جیا خه‌رجده‌كرێت له‌ ته‌رخانكراوی خه‌رجییه‌كانی سیادی بۆ هێزه‌كانی ووشكانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری فیدڕاڵ".