زمانی كوردی دەگەڕێتەوە كەركوك

سێ شەممە, 06 ئازار 2018 08:03

 

 

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، بڕیاریدا هەموو چاڵاكییەكانیان بە سێ‌ زمانی پێكهاتە سەرەكییەكانی شارەكە بڵاوبكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە پێنج مانگی رابردوودا تەنیا زمانی عەرەبی بەكاردەهێنا.

(راكان سەعید) لە (2017/10/16) ئەركەكانی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بەرێوەدەبات ‌و لەوكاتەوە، هەموو هەواڵ ‌و چاڵاكییەكانی تەنیا بە زمانی عەرەبی بڵاودەكردەوە، تاكو دوێنێ‌ هەردوو زمانی كوردی ‌و توركمانیشی بۆ راگەیەندراوەكانی زیاد كرد.

(مەروان ئیبراهیم عانی) لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، لە شاری كەركوك نەتەوەی رەسەن و جیاواز دەژین، گرنگە هەواڵ و چاڵاكیە هاوبەشەكانی ئیدارەی كەركوك بە زمانی خۆیان بگاتە نەتەوەكان.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا تا بەر لە پێنج مانگ (نەجمەددین كەریم) پارێزگاری پێشووی كەركوك هەموو راگەیەندراو و چاڵاكیەكانی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی بڵاودەكردەوە.

لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگا بۆ كەركوك ناو دەڵێت، هۆكاری نەبوونی هەواڵەكان بە زمانە جیاوازەكان لە پێنج مانگی رابردوودا ئەوەیە ئیدارەی كەركوك هیچ بودجەیەكی نیە، دوای هەوڵ‌ و ململانێیەكی زۆر توانیویانە گرێبەست بكەن لەگەڵ كەسێك وەكو وەرگێڕی هەواڵەكان.

عانی رەتیشیكردەوە، ئەو هەنگاوە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكان ‌و بانگەشەی ئەو پرۆسەیەوە هەبێت، ئەم بابەتە تەنیا پیشەیی و ئیدارییەو هیچی تر نیە.

 

ئـ . كـ