په‌رله‌مانتارێك نوێترین زانیاری له‌سه‌ر بانده‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

سێ شەممە, 06 ئازار 2018 13:03

 

كوردیو - محمد عمر كانی

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای ده‌كات ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا بڵاوكرانه‌وه‌و له‌چوارچێوه‌ی باندێكدا كاریان ده‌كرد تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌چاكسازیی ژنان و منداڵانن و ئه‌و هه‌واڵانه‌ش راست نین كه‌ده‌ڵێن هه‌ندێكیان كوژراون .

كه‌ژاڵ هادی، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ كوردیو وتی: به‌دواداچونمان بۆ كه‌یسی ئه‌و ئافره‌تانه‌ كرد كه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ده‌رده‌كه‌ون و له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكه‌وه‌ گرته‌كه‌ تۆماركراوه‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

ده‌شڵێت: له‌به‌دواداچونه‌كانمان بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌چاكسازی ژنان و منداڵانی هه‌ولێر ده‌ستبه‌سه‌رن .

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ وتیشی: ئه‌و ئافره‌تانه‌ باری ده‌رونیان باشه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان كه‌س و كاریان سه‌ردانیان كردوون .

له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌شێك له‌و ئافره‌تانه‌ له‌لایه‌ن كه‌س و كاریانه‌وه‌ كوژراون ، كه‌ژاڵ هادی وتی: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ راست نین و سه‌رجه‌میان له‌ چاكسازین .

م-ع-كانی