به‌رپرسێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی: زیانی 10 كورسی به‌ر كورد ده‌كه‌وێت

سێ شەممە, 06 ئازار 2018 15:05

 

به‌رپرسێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نزیكه‌ی 10 كورسی له‌ ده‌ست ده‌دات ئه‌وه‌ش به‌هۆی فره‌لیستی و په‌رته‌وازه‌ییه‌وه‌یه‌ ، له‌باره‌ی بڕیاره‌ سزاییه‌كانی به‌غداش بۆ هه‌رێم ده‌ڵێت: به‌غدا سزادانی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان جێ به‌جێ ده‌كات .

نەسرەدین سندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی ده‌سته‌ی ناوچه‌ دابڕیندراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ كوردیو ده‌ڵێت: به‌غدا له‌ ئێستادا كات ده‌كوژێت و ده‌یه‌وێت تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌و فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم نه‌كرێنه‌وه‌و بودجه‌ش به‌ دڵی خۆیان بێت .

له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی به‌غداوه‌ ده‌ڵێت: به‌غدا هه‌ڵوێسته‌كانی دژانه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كوردو سزادانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ نمونه‌ به‌غدا به‌ئه‌نقه‌ست و به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئابڵوقه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان درێژه‌ پێ ده‌دات .

له‌باره‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانیش سندی ده‌ڵێت: خه‌ڵكی عه‌ره‌ب له‌پێشتردا له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆیان ، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێوازێكیتر به‌غدا ئه‌وخه‌ڵكانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌و ئه‌وه‌ش جۆرێكیتره‌ له‌ ته‌عریبكردن .

هه‌رچی له‌باره‌ی چاره‌نوسی كورده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌و ناوچه‌ كوردیانه‌ به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دڵته‌نگی خۆی ده‌ربڕی و وتی: په‌رته‌وازه‌یی فره‌لیستی زیانی بۆ كورد ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی كورسی كورد له‌ به‌غدا، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌وڵی زۆریدا بۆ یه‌ك لیستی به‌ڵام نه‌هاتن به‌ده‌نگ ئه‌و هه‌وڵانه‌وه‌و ئه‌وه‌ش زیانی بۆ كورد ده‌بێت و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌لە كەركووك و خورماتوو و دەشتی نەینەوا به‌هۆی ئاواره‌بونی خه‌ڵكێكی زۆری كورده‌وه‌ نزیكه‌ی 10 كورسی لەدەست بده‌ین .

م-ع-كانی