عەبادی : پێشی نەورۆز مووچە دەنێرین

سێ شەممە, 06 ئازار 2018 16:53

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە دوای كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران لەشاری بەغدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی چەند پرسێكی كرد.

(حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەنووسان تیشكی خستە سەر چەند پرسێك، لەباسی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وتی: پرۆسەی وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامەو راشیگەیاند: بۆمان دەركەوتووە سیستەمێكی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان هەیە كە جیاوازە لە سیستەمی حكومەتی ناوەندی، هەروەها راشیگەیاندووە: هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە پرۆسەی چاكسازی و بایۆمەتری بەرز دەنرخێنن.

ناوبراو ستایشی حكومەتی هەرێمی كرد، بۆ رادەستكردنی فڕۆكەخانەكان بە دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق، جەختیشیكردەوە كە بەم نزیكانە گەشتە نێو دەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەستپێدەكەنەوە، لەبارەی فرۆكەخانەكانی هەرێمیشەوە روونیكردەوە، راگرتنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سزای سیاسی نییە، بەڵكو رێوشوێنێكی یاساییە.

لەبارەی پرسی مووچەوە وتی، لەپێش نەورۆز مووچەی ئەو وەزارەتانەی هەرێم دەنێرین كە وردبینیان بۆ كراوە، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی وەزارەتەكان بكات.

 

ئـ . كـ