پارێزگاری هەولێر سەردانی ئێران دەكات

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 05:46

 

 

سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، پارێزگاری هەولێر سەردانی وڵاتەكەی دەكات و گفتوگۆ دەكەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و فەرهەنگییەكان.

(مورتەزا عەبادی) سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر بۆ ئاژانسی میهر رایگەیاندووە، هاوبەشی فەرهەنگی، مێژوویی، كۆمەڵایەتی، زانستی و ئابووری و بوونی سنووری دوورودرێژ لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و هەروەها پەیوەندی سازێنەر لە نێوان دوو وڵات، لایەنەكانی هانداوە كە بە هەستیارییەوە بۆ تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان هەوڵ بدەن.

وتیشی: پلانی ئەو سەردانە بەپێی گرنگی پرسەكەو كاریگەری پەیوەندی پارێزگارەكانی سنووری لە پەرەدان بە پەیوەندییەكان و پێداگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی سەردانەكەی بۆ تاران داڕێژراوە.

بە وتەی سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر، بەرپرسانی بازرگانی و نوێنەرانی هەندێك لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم و لەوان گومرك، دارایی و كشتوكاڵ لەو سەردانەدا یاوەری (نەوزاد هادی) دەكەن.

مورتەزا عەبادی كە خۆیشی لەسەردانەكەدا بەشدارە رایگەیاند، پارێزگاران وەك باڵاترین پۆستی حكومەتی ناوچەكان ڕۆڵێكی كارایان هەیە لە ساماندان و ڕێ خۆش كردن بۆ پەیوەندی هەمەلایەنەو مامەڵەی بازرگانی، لەلایەكی دیكەوە سنووری فەرمی تەمەرچین – حاجی ئۆمەران نزیكترین سنووری پەیوەندی پارێزگاكانی ئازەربایجانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی ئێرانە لەگەڵ هەولێرو تەنانەت لەگەڵ دهۆك، نەینەواو كەركوك و لەمناوە پەیوەندی سازێنەری نێوان هەولێرو ورمێ دەتوانێ كاریگەرییەكی باڵای لەسەر تۆكمەتركردنی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەبێ.

ناوبراو سەبارەت بە پلانەكان و ماوەی مانەوەی ئەو سەردانە ڕوونی كردەوە: پارێزگاری هەولێرو شاندی یاوەری بۆ ماوەی سێ رۆژ دەست بەسەردانەكەی دەكات و وێرای كۆبوونەوەو ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ بەرپرسانی هاوتایان و دانیشتنی هاوبەش لەگەڵ چاڵاكانی ئابووری ئێرانی، سەردانی هەندێك ناوەندی بەرهەم هێنان دەكەن.

 

ئـ . كـ