حەكیم لە دیداری مەعسوم داوا دەكات بەغدا مووچەو فڕۆكەخانەكانی هەرێم چارەسەر بكات

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 05:56

 

 

سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی عێراق لە میانەی دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەم وڵاتە داوای كرد تاكوو ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكرێت.

(عەمار حەكیم) سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی عێراق لەگەڵ (فوئاد مەعسوم) سەرۆك كۆماری ئەم وڵاتە كۆبوویەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، هەر دوولا لە میانەی ئەم دیدارە دواین ڕووداوو پێشهاتەكانی عێراقیان تاوتوێ كردووە.

حەكیم لە میانەی ئەم دیدارە جەختی لەوەكردۆتەوە، كە دەبێت پڕەنسیپەكانی ڕێكلام لە هەڵبژاردنەكان لەبەرچاو بگیردرێت و لە ناشرین كردنی یەكتر خۆمان بە دوور بگرین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق، وڵات بەرەو سەقامگیری دەبات دەبێت كۆسپەكان بۆ سەركەوتنی سیاسی لە عێراق لە بەرامبەر كێشەكان خۆش بكرێت.

سەرۆكی رەوتی حیكمەی عێراق داوای كرد كە كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگیردرێت، هەروەها داوای كرد كێشەی فڕۆكەخانەكان چارەسەر بكرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكرێت، هەروەها جەختی لەوەشكردۆتەوە لە پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە یاسای بنەڕەتی عێراق.

 

 

ئـ . كـ