ڕۆژانە لەمەرزی پەروێزخانەوە 500 ئۆتۆمبێل شمەك و كاڵا، هاوردەی هەرێم دەكرێت

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 06:41

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی كارگێری ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی ‌‌و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت: ڕەوشی بازرگانی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و مەرزی پەروێزخان ڕوو لە باشییەو ڕۆژانەش زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كاڵا و شتومەك لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

 

بەگوێرەی هەواڵێكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی، ئەحمەد كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌‌و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان، ڕایگەیاند: لەئێستادا رەوشی بازرگانی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و مەرزی پەروێزخان ڕوو لەباشیەو دوایی ئەوەی مەرزەكە بەفەرمی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كرایەوە، پەروێزخان تاكە دەروازەی سنوریە كە لەدیوی ئێرانەوە ڕێگاكەی بەفر و سەختی نایگرێتەوە و هەموو شەقامەكانی راستە جادەیە، بۆیە زۆربەی بارەكان لەشارەكانی هەولێر و سلێمانیش لە رێگای مەرزی پەرویزخانەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە.

 

هەورەها ووتیشی: رۆژانەش زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كاڵا و شتومەك لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

 

سەبارەت بەبونی كێشەو گرفت لەو مەرزە ئەحمەد كەلاری ئاماژەی بەوەش كرد: تاكە كێشە لەمەرزی پەروێزخان كەڕووبەرووی بازرگانان دەبێتەوە ئەوەیە كاتێك بارەكان دەچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق حكومەتی عێراقی دووبارە گومركی دەكاتەوە، ئەگەر ئەم كێشە چارەسەر بكرێت بێ گومان مەرزی پەروێزخان دەبێتە بەهێزترین دەروازەی سنوری بۆ هێنانی كاڵای ئێران.



سەبارەت بە مەرزە لاوەكیەكان ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی كارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو: ئەو مەرزەی زیاتر لەژێر چاودێری ئێمەدایە و لە نزیكەوە ئاگاداری جوڵەی بازرگانیم لێی مەرزی سەرتەكە لەئیدارەی گەرمیان، كە تائێستا بڕیاری كردنەوەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەدراوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمیشەوە لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی پێكهێنراوە بەمەبەستی كردنەوەی مەرزەكە و گفتوگۆ كردن لەگەڵ ئەو شاندانەی حكومەتی عێراق كە سەردانی مەرزەكە دەكەن، لیژنەكە لە نزیكەوە سەردانی مەرزەكەی كردوە بۆ ئەوەی بزانرێت مەرزەی سەرتەك شیاوە بۆ كردنەوە و بە نێودەوڵەتی كردن، هاوڵاتیانی گەرمیان خوازیارن بەزووترین كات مەرزەكە بكرێتەوە چونكە ژیانی چەندین كەسی لەسەرە.

 

 

 

 

 

س ب