سوپای ئەڵمانیا هەرێم جێدەهێڵێت

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 07:49

 

 

سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی (2014) ەوە لە باشووری كوردستان دەستیكردبوو بە ڕاهێنانی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگە، كۆتایی بەو كارەی دەهێنێت، بەپێی پلانی حكومەتی مێركل لەمەودوا سوپای ئەڵمانیا لە بری پێشمەرگە ڕاهێنان بە سوپای عێراق دەكات.

بەپێی راپۆرتە هەواڵێكی ئاژانسی ئەفنا، ساڵی (2014) و كاتێك گروپە چەكدارەكانی داعش هێرشی قورسیان كردە سەر عێراق و باشووری كوردستان، (150) سەربازی سوپای ئەڵمانیا دەستیان بە ڕاهێنانی پێشمەرگەی باشووری كوردستان كرد.

لە هاوپەیمانی نوێی نێوان پارتی یەكێتی مەسیحییەكان (CDU/CSU) و حزبی سۆسیال دیمۆكرات (SPD) ڕاگەیاندراوە، كە كۆتایی بە ڕاهێنانی پێشمەرگە لە هەولێر دەهێنن، لە دوای ئەوەی سۆسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیا بۆ پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانی لە ئەڵمانیا لەگەڵ حزبی یەكێتی مەسیحییەكان ڕێككەوتن، دەسەڵاتی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتی مێركل خێرای بەخشی بە كارەكانی بۆ ئەو هێزانەی سوپای ئەڵمانیا كە لە هەرێمەكەدا كار دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی ئەڵمانیادا بڵاوكراونەتەوە، (ئۆرسۆلا ڤۆن) وەزیری بەرگری ئەڵمانیاو (سیگمار گابریل) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەركی نوێی سوپای ئەڵمانیایان لە عێراق داڕشتۆتەوەو لەسەری ڕێككەوتوون، بەپێی ئەو پلانە ڕاهێنانی پێشمەرگە كۆتایی پیدەهێنرێت و دەست دەكرێت بە ڕاهێنانی سوپای عێراق، چاوەڕێ دەكرێت ئەو پلانە لەم مانگەدا بنێردرێتە پەرلەمانی ئەڵمانیاو لەوێ پەسەند بكرێت.

وەزیری بەرگری بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە

بەپێی ئەو پلانە سوپای ئەڵمانیا كە بۆ شەڕ لە دژی داعش لە عێراقدایە شێوەی مانەوەو ناوەكەی كراوە بە (جەختكردنەوە لە ئارامی بۆ ماوەیەكی درێژ) و هێزەكانی سوپای ئەڵمانیا لە ژێر ئەو ناوەدا درێژە بە كارەكانیان دەدەن لە عێراق.

ڕۆژنامەی (هاندەلسبلات) بەڵگەی ئەو پلانە نوێ پێشنیازكراوەی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هاتووە، سوپای ئەڵمانیا لە باكووری عێراق سەركەوتوو بوو، داعشی لە هەرێمەكە دوورخستەوە، بەڵام لە ناوچەكانی تری عێراق هەمان مەترسی بەردەوامە.

ئۆرسۆلا ڤۆن وەزیری بەرگری ئەڵمانیا مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كردو لەوێ ڕایگەیاندبوو، سەربازانی ئەڵمانیا تەنها بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە لە عێراقدا نین، لە ئێستا بە دواوە ڕاهێنان بە هەموو هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن، بەڵام لە دوای ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بڕیار درا كۆتایی بە ڕاهێنانی پێشمەرگە بهێندرێت.

 

ئـ . كـ