به‌غدا ره‌وانه‌ نه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ لایه‌نه‌كان

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 10:42

 

حكومه‌تی عیراق خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ره‌وانه‌ نه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ حزبه‌كانی هه‌رێم و به‌ نا ته‌با ناویان ده‌بات، په‌رله‌مانتارێكی‌ نزیك له‌ عه‌بادییش جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، "به‌غدا نازانێت موچه‌ی‌ فه‌رمانه‌به‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ی‌ كێ و چ جێگایه‌ك بكات".

جه‌بار عه‌بادی‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق و كه‌سی‌ نزیك له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران، رایگه‌یاند، "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ تاكو ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم ته‌با نین و جیاوازی‌ له‌ بۆچوونه‌كانیاندا هه‌یه‌، به‌غدا نازانێت پاره‌ راده‌ستی‌ كێ و چ لایه‌نێكی‌ هه‌رێم بكات.


ناوبراو  وتیشی‌: هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌غدا پاره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ رێگه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بنێرێت، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان ده‌یانه‌وێت به‌ شێوازو رێگه‌ی دیكه‌، پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكرێت، بۆیه‌ به‌غداش له‌م نێوه‌نده‌دا نازانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێدا بكات.


جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم وه‌ك نوێنه‌ری كوردستان رێكبكه‌ن له‌سه‌ر جێگایه‌كی‌ دیاریكراو و به‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی داوای‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بكه‌ن له‌ به‌غدا، به‌ڵكو ئه‌وكات حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا بكات و هیچ لایه‌نێك به‌غدا به‌ لایه‌نگری‌ لایه‌نه‌كی‌ دیكه‌ تۆمه‌تبار نه‌كات.