بارزانی: ئه‌گه‌ر پێشێلكاریییه‌ ده‌ستوورییه‌كان به‌رده‌وام بن ئێمه‌ش بێده‌نگ نابین

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 10:38

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ باڵوێزی نیوزله‌ندا له‌ به‌غدا، ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌سه‌ر پێشێلكاریییه‌ ده‌ستوورییه‌كان به‌رده‌وام بێ، ئێمه‌ ناتوانین بێ ده‌نگ بین و بژارده‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌م دایه‌.


میدیا فه‌رمییه‌كانی پاتی بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ 7ی ئازاری 2018، مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ برادلی ساودن باڵوێزی نیوزله‌ندا له‌ به‌غدا كۆبووه‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: كوردستان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان خوازیاره‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور گشت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام پێشێلكارییه‌ ده‌ستووریییه‌كان به‌رده‌وام بن، ناتوانین بێ ده‌نگ بین و هه‌رێمی كوردستان بژارده‌ی ده‌ستووری زۆری له‌ به‌رده‌مه‌ تا داكۆكی له‌ مافه‌كانی بكات.

له‌ به‌شێكی دیداره‌كه‌دا‌ تاوتوێ دۆخی ناوچه‌كه‌ و پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی زیاتری هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژ به‌ تیرۆریستان كرا، باڵوێزی نیوزله‌ندا له‌ عێراق ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ فره‌وانكردنی زیاتری پێوه‌ندی دوو لایه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نیوزله‌ندا ده‌ربڕی و هیوای خواست هه‌رچی زووه‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ كۆتا بێن و زه‌مینه‌ی له‌بارتر بۆ ئاشتی و ئارامی و بووژانه‌وه‌ی ئابووری بڕه‌خسێت.

 

 

ش.م