راپه‌ڕین... گه‌نجێك خنكاو ته‌رمی كه‌سێكیش له‌ گۆڕستانێك دۆزرایه‌وه‌

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 14:30

 

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین ته‌رمی كه‌سێك له‌ ناو گۆڕستانێك دۆزرایه‌وه‌و گه‌نجێكیش به‌هۆی مه‌له‌كردنی له‌ئاودا ده‌خنكێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مرۆ له‌هه‌مان ده‌ڤه‌ر كچێك خۆی خۆی سوتاندو رۆژی رابردووش كه‌سێكیتر له‌ئاودا خنكا .

ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین دوو راگه‌یه‌ندراوی به‌م شێوه‌یه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌: 

ناحیەی بێتواتە/ تەرمی کەسێک لەگۆڕستانێک دۆزایەوە.

ئەمڕۆ کاتژمێر (۷)ی سەرلەبەیانی ئاگادار کراینەوە بەبونی تەرمێک لەگۆڕستانی گوندی هەرتەل سەربە ناحیەی بێتواتە/ قەزای ڕانیە، لەگەڵ دەرچونی هێزەکانمان لە تیمەکانی بەڵگەی تاوان و بنکەی پۆلیسی شکارتە بۆ شوێنی ڕوداوەکە دەرکەوت کە کەسێک بەناوی (ق.ع.ق) تەمەن (٥۰)ساڵ بەڕەگەز خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێرانە و دانیشتوی شاری کۆیەیە، تەرمی ناوبراو لەگۆڕستانی گوندی هەرتەل دۆزرایەوە، کەشوێنەواری (۲۱) فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە. لەشوێنی ڕوداوەکە ژمارەیەک قەوانی تەقیو لەجۆری چەکی کڵاشنکۆف دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا.

تەرمی ناوبراو بەڕێکرا بۆ پزیشکاری دادوەری ڕانیە بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی.

ناوبراو لەڕەگەزی نێرەوە خێزاندارە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتە.

دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و دادوەری لێکۆڵینەوەی لێ ئاگادار کرایەوە. لەسەر ڕوداوەکە کەس دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەڕوداوەکە بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری ڕوداوەکە.

 

ناحیەی حاجیاوا/ گەنجێک لە ئاودا خنکا

ئەمڕۆ کاتژمێر ( ٣ ) ی دوای نیوەڕۆ تەرمی گەنجێکیان هێنایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە بەناوی ( ڕ.ع.خ ) تەمەن ( ١٧ ) ساڵ لە ڕەگەزی نێر پیشەی خوێندکار دانیشتوی ناحیەی حاجیاوا سەربە قەزای ڕانیە کە بە مەبەستی گەشتکردن و مەلەکردن لەگەڵ هاوڕێکانی دەچێت بۆ ئاوەکانی نزیک گوندەکانی پوکە و زنگزنگە سەربە ناحیەی حاجیاوا دواتر لە ئاودا خنکاوە.

ڕێکاری یاسایی گیرایەبەر و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ پزیشکاری دادوەری ڕانیە بۆ ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی. مەلەفی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە. لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.

م-ع-كانی