عه‌بادی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ گرنگه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕاگه‌یاند

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 16:34

 

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ئاشكرایده‌كات، "لیژنه‌ی‌ هاوبه‌ش بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێم پێكهێنراوه‌و چاره‌سه‌ری‌ سه‌رجه‌م كێشه‌ گرنگه‌كانی‌ نێوانیشمان ده‌كرێت".

 

ماڵپه‌ری‌ شه‌فه‌ق نیوز له‌ هه‌واڵێكدا له‌ زاری سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراق بڵاویكردۆته‌وه‌، "چاره‌سه‌ری‌ سه‌رجه‌م كێشه‌ گرنگه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان كراوه‌".


حه‌دیسی ئاشكرای كردووه‌، "لیژنه‌ی‌ هاوبه‌ش پێكهێنراوه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كان كه‌ به‌زوترینكات فڕۆكه‌خانه‌كان بكرێنه‌وه‌"، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، "بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراقیش دوای‌ ئه‌وه‌دێت، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ڵامی‌ داواكه‌ی‌ دایه‌وه‌ بۆ سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیتحادیی به‌سه‌ر هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا".


ڕونیشیكردۆته‌وه‌، گه‌یشتنی‌ هه‌ردولا به‌ڕێكه‌وتن له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌، كه‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و سه‌رپه‌رشتی‌ و چاودێری حكومه‌تی‌ عیراقدا ده‌بن.


وتیشی:‌"لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا له‌ماوه‌ی‌ ڕابردودا چه‌ندین دیداریان سه‌باره‌ت به‌(فڕۆكه‌خانه‌كان، گومرگی فڕۆكه‌خانه‌كان و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌كان) ئه‌نجامداوه‌و سه‌رجه‌م كێشه‌كانیش به‌ره‌و چاره‌سه‌ربون ده‌ڕوات و ئێمه‌ش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كارده‌كه‌ین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌زوترینكاتدا".