حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی نوێ تایبه‌ت به‌ ژمارەیەك لە فه‌رمانبه‌ر ده‌رده‌كات

چوار شەممە, 07 ئازار 2018 16:37

 

 

سه‌رۆكایه‌تی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی "ئه‌ژماركردنی مۆڵه‌تی خوێندن" بۆ زیاتر له‌ سێ هه‌زار فه‌رمانبه‌ری خوێندکار چه‌ند مه‌رجێك دیاریده‌كات.

 

به‌پێی نوسراوێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ ژماره‌1089، كه‌ رۆژ 6ی ئازار ده‌رچووه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند مه‌رجێكی بۆ زیاتر له‌ سێ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر داناوه‌، به‌مه‌به‌ستی ئه‌ژماركردنی بڕوانامه‌كه‌یان له‌ كاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی خوێندنیان.


به‌ پێی نوسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، فه‌رمانبه‌ران به‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ مۆڵه‌تی خوێندنیان بۆ ئه‌ژمارده‌كرێت:


1.فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ پێش ده‌ستپێكردن به‌ خوێندن لارینه‌بوونی فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرتبێت به‌مه‌به‌ستی خوێندن.
2.له‌ كاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ته‌كه‌ و پێش ده‌ستپێكردنی خوێندن سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی هاتوو له‌ مادده‌ی (50)ی یاسای ڕاژه‌ی شارستانی ژماره‌ (24)ی ساڵی 1960 هه‌بووبێت.
3.لارینه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌ژماركردنی مۆڵه‌ته‌كانیان به‌ (مۆڵه‌تی خوێندن) ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كانیان ده‌بێت و هه‌موو ده‌ره‌نجامه‌كان ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی پێشتر وه‌ریگرتووه‌ ( ئاسایی و بێ مووچه‌) وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و هیچ پابه‌ندبوونێكی دارایی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت.


به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی زیاتر له‌ 3هه‌زار فه‌رمانبه‌ر كێشه‌ی ئه‌ژماركردنی مۆڵه‌تی خوێندنیان هه‌یه‌.