لەسەر ناردنی موچە، نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی بەتەلەفۆن گفتوگۆیان كردووە

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 07:39

 


سەفین دزەیی وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە میانەی كۆنرفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا باسی لەدواین گۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی بەغدا و هەولێری كرد و ئاشكرای كرد كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەردولا دروست بووەو نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی بە تەلەفۆن بۆ ماوەیەكی درێژ گفتوگۆیان كردووە .


سەفین دزەیی ڕایگەیاند ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە بۆ وردبینی ڕەوانە كراون ئێستا لە پارێزگای سلێمانین و تاوەكو ئێستا وردبینی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە تەواو بووە و زۆرینەی وەزارەتەكانی دیكەش لە تەواوبوندان.


وتیشی: لە هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆیەكی جدی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی هەبووە بە تەلەفۆن بۆ ماوەیەكی درێژ گفتوگۆیان كردووە ، لەسەر كۆمەڵێك پرس قسەیان كردووە بەتایبەت فڕۆكەخانەكان و موچە و لە ڕوی مەبدەئیەوە نزیك بونەوە هەیە و ئەو قسانەی عەبادیش لەسەر ناردنی موچە ڕەنگدانەوەی ئەو گفتوگۆیە بوو هیواداریشن ئەو ماوەیەی دیاری كردووە و موچەی تێدا بنێرێت.


دوپاتیشی كردەوە كە ئەو گەشبینە بەوەی بەغدا پابەند بێت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانەوە.


لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ووتی لایەنە سیاسیەكان كۆدەنگیان نیە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و وادەكەش لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەكرێت.