فۆڕمی خۆراکی 2018 دابەشدەکرێت

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 08:51

فۆڕمی خۆراکی 2018 دەگاتە سلێمانی و بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراک لەسلێمانیش ئەو پێداویستیانە ئاشکرادەکات کە پێویستە ھاووڵاتیان پێیان بێت بۆ وەرگرتنەوەی فۆڕمەکەو رایدەگەیەنێت: بایۆمەتری ھەڵبژاردن ناکرێتە مەرج بۆ پێدانی فۆڕمەکە.

یاسین مەحمود بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراک لەسلێمانی رايگەیاندوه‌: فۆڕمی خۆراکی 2017 - 2018 گەیشتۆتە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن لیژنەکەمانەوە فۆرمی قەزاو ناحییەکان لەناوشار جیاکراوەتەوەو وردبینی بۆ فۆرمی دەرەوەی شار دەکرێت.

وتیشی"ھەفتەی داھاتوو دەست بەدابەشکردنی فۆڕمی خۆراکی قەزاو ناحییەکان دەکرێت، پاشان فۆڕمی ناوشار دابەشدەکرێت".

سەبارەت بەو پێداویستییانەی کە ھاووڵاتیان لەگەڵ خۆیاندا بیبەن بۆ وەرگرتنەوەی فۆڕمی خۆراک، یاسین مەحمود وتی"ئەو پێداویستیانەی بەغدا داوایکردووە، گەڕانەوەی فۆڕمی خۆراکی 2014 - 2015 وێنەی ئەسڵی ئەگەر ھەبووە، ئەگەرنا کۆپییەکەی".

وتیشی"ئەو ھاووڵاتیانەی فۆڕمەکەیان نییە، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک بکەن، بۆئەوەی پشتگیرییان بۆ بکرێت، لەگەڵ پێناسی باری شارستانی یان(کارتی نیشتمانی) و کارتی زانیاری".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرامبەر پێدانی فۆڕمی خۆراک بەھاووڵاتیان بڕی ھەزار دینار وەردەگیرێت.

سەبارەت بەوەی ئایا بایۆمەتری ھەڵبژاردن دەکرێتە مەرج بۆ پێدانی فۆڕمی خۆراک، یاسین مەحمود رایگەیاند"بایۆمەتری ھەڵبژاردن ناکرێتە مەرج بۆپێدانی فۆڕمی خۆراک بەھاووڵاتیان، چونکە ئەوانەی ئێستا دەچن بۆ خۆتۆمارکردن، پێیان دەڵێن مانگی چوار کارتەکەیان پێدەدرێتەوە، بۆیە ناکرێت فۆڕمی خۆراک نەدرێت بەھاووڵاتیان لەبەرئەوەی کارتی دەنگدانیان نییە".