سەعدی پیرە: مەكتەبی سیاسی كفتە نیە هەڵبوەشێتەوە

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 09:06

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ڕایدەگەیەنێت: كۆنگرە بە پەلە پروزكێ نابێت و مەكتەبی سیاسی ھەڵناوەشێتەوە خۆ كفتە نییە.

 


سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ڕایگەیاند: دەبێت كۆنگرە بەرنامەی ھەبێت، لایەنی كەم بۆ پێنج بۆ شەش ساڵی داھاتوو بێت و كێشەكان چارەسەر بكات و یەكێتیی لە زۆر ڕووەوە پێویستی بە كۆنگرە ھەیە، بەڵام كۆنگرە بە پەلە پروزكێ نابێت.

 


هەروەها ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی كە باسنیوزی ڕاگەیاند، ووتیشی: لە نەبوونی مام جەلال ناكۆكی دیكە سەری ھەڵداوە كە كێ جێگرەوەی مام جەلال بێت و چ جۆرە گۆڕانگارییەك لە ناو یەكێتی ڕودەدات و هەیكەلی یەكێتی چی بەسەر دێت، بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت كۆنگرە بكەین دەبێت بەیەكڕیزی بچینە ناو كۆنگرە و بە یەكڕیزی و بەھێزەوە لێی دەربچین.

 


سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو: لەم ئان و ساتەی ئێستا كۆنگرە دورست نییە، چونكە یەكێتی دەتوانێت لە بری كۆنگرە شتی دیكە بكات، ئەگەریش ھەر ویستی كۆنگرە بكات ئەوا بیخاتە دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ئەوەی تا ئەو كاتە جۆرێ لە ئاشتبوونەوەی ناوخۆی یەكێتی ئەنجام بدەن، ئینجا كۆنگرە بكەین.

 


لەسەر ھەڵوەشاندنەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و مانەوەی خۆی وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: من ئەندامی مەكتەبی سیاسیم و ووتەبێژیشم، دواتر مەكتەبی سیاسی ھەڵناوەشێتەوە خۆ كفتە نییە، مەكتەبی سیاسی ھەڵدەبژێردێتەوە، ھەتا سەركردایەتی مەكتەبێكی سیاسی ھەڵدەبژێریتەوە، من مەكتەبی سیاسیم و ئیش دەكەم.

 

 

 

 

س ب