گه‌نجێك له‌ قوباد تاڵه‌بانی ده‌پرسێ، ئه‌ی دایكی منداڵه‌كان ئیشی‌ چیه‌

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 12:32

 

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌كۆنفرانسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ كاروباری‌ خانمان تایبه‌ت به‌8ی‌ مارس ڕۆژی‌ جیهانی‌ ژنان، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش نه‌كرد، ته‌نها به‌سه‌رهاتی خۆی و گه‌نجێكی گێڕایه‌وه‌.


قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌رهاتی خۆی و گه‌نجێك ده‌گێرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: بۆ ئه‌مڕۆ ویستم وتارێك سه‌باره‌ت به‌كۆنفرانسه‌كه‌ ئاماده ‌بكه‌م، به‌ڵام قسه‌ی‌ گه‌نجێكم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر پۆستێكی‌ من له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیبوی.


قوباد تاڵه‌بانی‌ تاڵه‌بانی‌ نوسیوێتی، پێشتر له‌پۆستێكمدا له‌ فه‌یسبوك نوسیبوم، ئه‌مڕۆ هه‌ستام له‌خه‌و خواردنم داوه‌ به‌منداڵه‌كان و ئاماده‌م كردون و بردومن بۆ خوێندنگه‌، دواتر ئه‌م پۆسته‌ هه‌ڵایه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر نرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ سه‌یربوو گه‌نجێك نوسیبووی تۆ ئه‌وه‌تكردوه،‌ ئه‌ی‌ دایكی‌ منداڵه‌كان ئیشی‌ چیه‌؟


تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: وتومه‌ به‌س نییه‌ كۆمێنته‌كه‌ت بۆ ئه‌و نه‌نوسیوه‌، دواتریش كاتێك چومه‌سه‌ر پڕۆفایلی‌ گه‌نجه‌كه‌ بینیم كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ كۆلێژی‌ یاسای‌ ته‌واوكردوه‌و قۆڵی‌ تاتۆكردوه‌، ئینجاش ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ بووه.


جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت جه‌ختیكردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ بڕیارمداوه‌ هیچ وتارێكی‌ فه‌رمیم نه‌بێت، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ردا گوێ‌ له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ جێنده‌رناسی‌ بگرم كه‌ ئه‌وان چی‌ ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینی‌ ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ زانكۆی‌ ته‌واوكردووه‌ پاشان ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌تی.

 

 

ش.م